د. ئه‌رسه‌لان بایز سه‌رۆكی په‌رله‌مان

ژیاننامه

پاش راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان،  له‌چه‌ندین ده‌زگاى جیا جیاى یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستاندا كاریكردوه‌و چه‌ندین رۆڵ و به‌رپرسیارێتى بینیووه‌، له‌وانه‌: لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنى یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان و مه‌كته‌بى رێكخستن و چه‌ندین به‌رپرسیارێتى دیكه‌ى بینیوه‌و ئه‌ندامی خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی كوردستان بووه‌و  دوا جار وه‌ك به‌رپرسیارێتى نیشتمانیى رۆڵى بینى له‌په‌رله‌مانى كوردستانداو وه‌ك جێگرى سه‌رۆك ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوو ئه‌و پۆسته‌ى به‌ڕێوه‌بردووه‌. له‌میانه‌ى گۆڕانكاریى دیموكراسیانه‌و مه‌ده‌نیانه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌نێوان یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان و پارتى دیموكراتیى كوردستان، (د.ئه‌رسه‌لان بایز) له‌دانیشتنی رۆژی 15/2/2012 به‌سه‌رۆكى نوێى په‌رله‌مانى كوردستان هه‌ڵبژێردرا.

(ئه‌رسه‌لان بایز ئیسماعیل) له‌ساڵى 1950 له‌گوندی كاریتانی سه‌ر به‌ناحیه‌ى (دیبه‌گه‌)ى پارێزگاى هه‌ولێر له‌دایك بووه‌، بكالۆریۆسى له‌زمانی كوردی له‌زانكۆى به‌غدا ته‌واوكردووه‌، له‌ساڵى (1970)دا په‌یوه‌ندیكردوه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ى ماركسیى لینینى كوردستانه‌وه‌، له‌ساڵى 1974 بۆ ساڵى 1975 بوه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ له‌شۆڕشى ئه‌یلولدا، له‌ ساڵى(1975)دا له‌گه‌ڵ خاڵه‌ شیهاب و جه‌عفه‌رو چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى دیكه‌ى كۆمه‌ڵه‌دا له‌لایه‌ن رژێمى به‌عسه‌وه‌ زیندانیى كراوه‌و تا ساڵى 1978 له‌زینداندا بووه‌.  ساڵى(1979)پاش ئه‌وه‌ى ئازاد ده‌كرێت، ده‌چێته‌وه‌ بۆ خه‌باتى شاخ و  ده‌بێته‌وه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ تا راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان.

  ساڵى(1992)یه‌كه‌م سه‌رنوسه‌رى رۆژنامه‌ى كوردستانى نوێ بووه‌ كه‌رۆژنامه‌یه‌كى رۆژانه‌یه‌.  له‌یه‌كه‌م كۆنگره‌ى یه‌كێتی نیشتمانیى كوردستانیشدا له‌ساڵى(1992)دا  به‌ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى هه‌ڵبژێردرا.

 ساڵى 1993  تا ساڵى 1996 لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى رێكخستنى هه‌ولێر بووه‌، پاشان بۆ ماوه‌ى(10)ساڵ لێپرسراوى مه‌كته‌بى رێكخستنى بووه‌. هه‌ر له‌ساڵانى نه‌وه‌ته‌كاندا چه‌ند ساڵێك وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ بوو. ساڵى (2000) بڕوانامه‌ى ماسته‌رى له‌زانكۆى سلێمانى به‌ده‌ستهێناوه‌،  ساڵى(2003)ش له‌ئه‌ده‌بى كوردییدا بڕوانامه‌ى دكتۆراى له‌هه‌مان زانكۆ  به‌ده‌ستهێناوه‌.

د. ئه‌رسه‌لان بایز جگه‌ له‌وه‌ی وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی ناسراوه‌ له‌هه‌مان كاتدا وه‌ك نووسه‌روو رۆژنامه‌نووسیش جێ ده‌ستی له‌وبواره‌ دیاره‌وخاوه‌نی چه‌ند كتێبێكی چاپكراوو چه‌ندین وتارو لێكۆلینه‌وه‌یه‌.

توێژینه‌وه‌و به‌رهه‌مه‌كانی

1-                  ڕاپه‌ڕینی ئاگری-وه‌رگێڕان

2-                  فاشیزم-1988

3-                  ڕاگه‌یاندنی شۆڕش و بزووتنه‌وه‌ی شیعری كوردی-2001

4-                  ڕۆژانی سه‌خت

5-                  سیمای شیعری كوردی دوای ڕاپه‌ڕین-2003

6-                  پرۆسترۆیكا2005

7-                  پێگه‌ی سیاسی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا2008

8-                  ده‌یان ووتارو لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ڕۆژنامه‌كان

9-                  9-   سه‌مای دۆلفینه‌كان    2011

ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى په‌رله‌مان

1- پیاده‌كردنى یاسا و په‌یڕه‌وى ناوخۆى  ئه‌نجومه‌ن.

2- كردنه‌وه‌ى خول و دانیشتنه‌كانى ئه‌نجومه‌ن و سه‌ركردایه‌تى كردنیان و كۆتایى پێهێنان ودواخستنیان ودیاریكردنى  كاته‌كانیان.

3- به‌ڕێوه‌بردنى گفتوگۆكان و پاراستنى رێكوپێكى ئه‌و به‌ڕێوه‌بردنه‌.

4- خۆئاماده‌كردنى پێویست بۆ پاراستنى هێمنی و رێكوپێكى له‌ناو ئه‌نجومه‌ندا و بۆى هه‌یه‌ ده‌ستنیشانى هێزى نیزامى پێویست بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بكاو له‌ژێر ركێفى دابێ.

5- ئیمزاركردنى كۆنووسى دانیشتنه‌كانى ئه‌نجومه‌ن له‌گه‌ڵ دوو ئه‌ندامه‌كه‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیدا.

6- ئه‌نجامدانى هه‌موو كردارێكى یاسای و به‌رێوه‌بردن و دارایى كه‌په‌یوه‌ندییان به‌ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ هه‌بێ و بۆى هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات به‌كه‌سانى تر بدا  له‌ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

7- ئیمزاكردنى هه‌موونووسراوه‌ ره‌سمیه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى راپه‌راندن و لایه‌نه‌كانى تر له‌ناو هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌دا.

8- ئیمزاكردنى هه‌موو ئه‌و نووسراوو موخابه‌رانه‌ى كه‌له‌ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ یان له‌یه‌كێ له‌ لیژنه‌كانیه‌وه‌ ده‌رده‌چێ دواى  مۆركردنى  به‌مۆرى خۆى.

9- دڵنیابوون له‌ته‌واوبوونى رێژه‌ى یاسایى (النصاب) به‌یارمه‌تى دوو ئه‌ندامه‌كه‌ى ترى. ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى.

10- ئیشوكاره‌كان له‌ئه‌نجومه‌ن ده‌خاته‌ روو بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ریان له‌كاتى پێویستدا.

11- سه‌رپه‌رشتى كارى لیژنه‌كانى ئه‌نجومه‌ن ده‌كات.

12- نوێنه‌رایه‌تى كردنى ئه‌نجومه‌ن له‌ بۆنه‌ و  ئاهه‌نگه‌ نیشتمانیه‌كان و بۆنه‌كانى تردا ده‌توانێ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌  ده‌سه‌ڵات به‌ئه‌ندامانى تر بدات.

13- ده‌رهێنانى ئه‌و یاساو  بڕیارو په‌یڕه‌وانه‌ى  كه‌ئه‌نجومه‌ن له‌سه‌ریان پێكهاتووه‌.


 


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ