لیژنەی دەسپاکیى په‌رله‌مان لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەسپاکی کۆبووه‌وه‌

15/05/2019 01:11:00 م
پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ چوارشه‌مه‌ ١٥/٥/٢٠١٩، لیژنەی دەسپاکی و کاروباری پەرلەمان و سکاڵا له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بەسەرپەرشتیی شیرین ئه‌مین، سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ لە تەلاری پەرلەمان، لەگەڵ د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی و شاندێکی یاوەری كۆبووه‌وه‌.
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای لیژنەى دەسپاکی ڕێکخراوە بەمەبەستی دروستکردنی ھەماھەنگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ده‌سپاكیى حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەیسی گەندەڵی لەھەرێمی کوردستاندا، ھەروەھا خستنەڕووی سەرنج و تێبینییەکان لەسەر ڕاپۆرتی ساڵانەی دەستەی دەسپاکی کە لەماوەی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەكه‌ شیرین ئه‌مێن، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌سپاكیى په‌رله‌مان، سوپاسی ئامادەبوونی شاندی میوانی كردو دواتر سەرۆکی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی پوختەیەکی سه‌باره‌ت به‌ کار و چالاکیی دەستەكه‌و کێشە و بەربەستەکانی به‌رده‌م كاره‌كانى خستەڕوو.
دواتر سه‌رۆك و جێگرو ئه‌ندامانى لیژنەكه‌ پێشنیازو تێبینییەکانیان لەسەر کارەکانی دەستەو ڕاپۆرتی کۆتایی خستەڕوو.
له‌ كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ بڕیاریدا له‌ ڕاپۆرتێکدا کۆی گشتیی بۆچوونەکان به‌ نووسراوێك ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات و لەڕێگەی ئەوانیشەوە ئاراستەی دەستەی دەسپاکی بکرێت.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>