سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی په‌یمانگه‌ی كه‌نه‌دی بۆ حكومڕانی ده‌كات

11/04/2019 03:10:00 م
ئه‌مڕۆ پێنچشه‌ممه‌ 11ی نیسانی 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی كرد له‌ شاندێكی په‌یمانگه‌ی كه‌نه‌دى بۆ حكومڕانی، كه‌ پێكهاتبوو له‌ مادلین میور، یاریده‌ده‌رى پێشكه‌وتوو له‌ په‌یمانگه‌كه‌ و  شاندی یاوه‌ری.
له‌ دیداریكدا مادلین میور، یاریده‌ده‌رى پێشكه‌وتوو له‌ په‌یمانگه‌ی كه‌نه‌دى بۆ حكومڕانی، پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی به‌ بوونی ئافره‌تێك له‌و پۆسته‌ باڵایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژووی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌دا ده‌بینرێت و هیوای خواست له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌رفه‌ت و رۆڵی زیاتر بۆ ئافره‌تان فه‌راهه‌م بكرێت.
لای خۆیه‌وه‌ د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانى شاندی میوان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، ستایشی هه‌وڵ و كاره‌كانی رێكخراوی كه‌نه‌دی بۆ حكومڕانیی ئافره‌تی سه‌ركرده‌ كرد كه‌ به‌رده‌وام كۆڕ و سیمینار و خول بۆ پێگه‌یاندنی ئافره‌تی سه‌ركرده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ساز ده‌كه‌ن و هیوای خواست به‌رده‌وام بن له‌م كارانه‌ بۆئه‌وه‌ی ئافره‌تانی كوردستان به‌بڕوا بوونێكی زۆر به‌خۆیانه‌وه‌ رۆلی زیاترى خۆیان ببینن و به‌شدارێكی كارا بن له‌ نێو كایه‌كانی حكومڕانی  بۆئه‌وه‌ی روویه‌كی گه‌ش و جوان پێشكه‌شی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكه‌ن.
 
 
 
له‌ به‌شێكی دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان پوخته‌یه‌كى له‌ رێكاره‌ یاساییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ شاندی میوان باسكردو رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كانی خۆی به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی رێكاره‌ یاساییه‌كانی كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمى كوردستان و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌ پێشنیازكراوه‌كه‌ ده‌كات".
له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی شاندی میوانیش سه‌باره‌ت به‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، د.ڤالا، گووتی: " به‌گوێره‌ی یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى كه‌ پێمان دراوه‌ به‌كاریده‌هێنین و هیچ كه‌سێكیش ده‌سه‌ڵاتی ره‌های نییه‌، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی دیموكراسی و پێشكه‌وتنی وڵاته‌كه‌مانه‌". 
شایه‌نی باسه‌ په‌یمانگه‌ی كه‌نه‌دی بۆ حكومڕانی كار له‌سه‌ر حكومڕانیی لامه‌ركه‌زى و فیدڕالیی ئابوورى له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

رۆژمێرى رووداوه‌كان