سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

11/04/2019 02:14:00 م
ئه‌مڕۆ پێنچشه‌ممه‌ 11ى نیسانی 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌نووسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ دۆمنیك ماس، كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری.
له‌ دیدارێكدا دۆمنیك ماس، كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌هه‌رێمی كوردستان، وێڕای پيرۆزباییكردن له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ى، خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی به‌بوونى ئافره‌تێك له‌ لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و هه‌نگاوه‌شى به‌هه‌نگاوێكی دڵخۆشكه‌ر زانی بۆئه‌وه‌ی رێژه‌ی ئافره‌ت زیاتر بكرێت له‌ نێو كایه‌كانی حكومڕانی له‌هه‌رێمی كوردستاندا. 
لای خۆیه‌وه‌  د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا و شاندی یاوه‌رى، باسی له‌ په‌یوه‌ندیی له‌ مێژینه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی فه‌ره‌نسا كرد و رایگه‌یاند: "خۆمان به‌خۆشحاڵ ده‌زانین به‌ بوونی په‌یوه‌ندیيه‌كی به‌هێز له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی فه‌ره‌نسا و ده‌مانه‌وێت ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ زیاتر به‌ره‌وپێش بچن، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی دیپلۆماسی و كاری په‌رله‌مانی له‌نێوان په‌رله‌مانى كوردستان و په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى كارى په‌رله‌مانیى وڵاتێكی پێشكه‌وتووى وه‌ك فه‌ره‌نسا".
 هه‌روه‌ها باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرد و رایگه‌یاند: "له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ ئاستێكی باشدایه‌و هه‌نگاوه‌كانی وڵاتی فه‌ره‌نسای بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ گرنگ ده‌زانین و جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراق ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا به‌تایبه‌ت جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور  كه‌تایبه‌ته به‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان".
 
 
 
له‌به‌شێكی دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان پوخته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌كارو چالاكییه‌كانی په‌رله‌مان و ئه‌و رێكاره‌ یاساییانه‌ به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخوی په‌رله‌مان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: "دوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، ئێستا ته‌نیا ده‌نگدان ماوه‌ بۆ پڕۆژه‌ یاساكه‌ كه‌ بڕیاربوو رۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو له‌دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مان ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت، به‌ڵام دانیشتنه‌كه‌مان به‌پێی مادده‌ی 18 له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان دواخست بۆئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی زیاتر بده‌ینه‌ لایه‌نه‌كان تا رێكده‌كه‌ون و له‌وڕووه‌وه‌ش په‌رله‌مانی كوردستان رۆڵی گرنگ ده‌گێڕێت له‌نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و لای ئێمه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، سه‌قامگیریی وڵات و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی جێگه‌ی بایه‌خه و دوای په‌سندكردنی یاسای كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم رێكاره‌ یاساییه‌كانی تر بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرینه‌به‌ر".
لای خۆشیه‌وه‌ دۆمنیك ماس، كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان،  خۆشحاڵیی خۆی به‌م هه‌نگاوه‌ یاساییانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: "به‌هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان خۆشحاڵین، بۆ فه‌ره‌نسا په‌رله‌مان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگی دیموكراسی و یاسادانان بایه‌خی زۆری هه‌یه‌ بۆ چه‌سپاندنی زیاتری دیموكراسی و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاوكارو پشتیوانتان ده‌بین بۆ زیاتر گه‌شه‌كردنی ئه‌م وڵاته‌ و ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌ی له‌ نێوان فه‌ره‌نسا و هه‌رێمی كوردستانيشدا هه‌یه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه‌و زیاتر په‌ره‌ی پێده‌ده‌ین".
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان، نیگه‌رانیی خۆی له‌ دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و هیوای خواست كه‌ لایه‌نه‌كان په‌له‌ بكه‌ن له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆئه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا زیاتر هاوكارو هه‌ماهه‌نگ بێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان