پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می بۆ كرا

03/04/2019 05:46:00 م
له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆیدا په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تاپه‌سندكردنی ده‌ستوور كرد. 
سه‌عات 3ى پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/04/03، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نه‌بى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (4)ى ئاسایی خولی به‌هاره‌ له‌ ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌، له‌لایه‌ن مونا نه‌بى قه‌هوه‌چی، سكرتێرى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می (پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تاپه‌سندكردنی ده‌ستوور)، هه‌روه‌ها كۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوى ئه‌ندامانى ئاماده‌نه‌بوو و مۆڵه‌تپێدراو خوێندرایه‌وه‌.
به‌ر له‌ده‌سپێكردنی گفتوگۆكانی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كار، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌ باس له‌رێككه‌وتن و سازانی لایه‌نه‌كان به‌گشتی و رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی به‌تایبه‌تی كراو هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی فراكسیۆنی سه‌وز له‌دانیشتنه‌كه‌ بۆ تێپه‌ڕاندن و ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسایه‌كی وا گرنگ و مێژوویی به‌رزنرخێندراو له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌سه‌ر پره‌نسیپی سازان و رێككه‌وتن كرده‌وه‌و هیوای خواست ئه‌مه‌ ببێته‌ بنه‌ماو ده‌سپێكێیكی باش هه‌م بۆ كاری په‌رله‌مانی و هه‌میش بۆ ئاینده‌ی حكومڕانیی هه‌رێم.
دواتر به‌پێی خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داواى له‌ لیژنه‌ی كاروباری یاسایی كرد بێنه‌ شوێنی مه‌به‌ست بۆ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسا پێشنیازكراوه‌كه‌ و راپۆرتی  لیژنه‌كه‌یان له‌باره‌یه‌وه‌.
 
 
 
دوای خوێندنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ یاسا پێشنیازكراوه‌كه‌ و راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی له‌باره‌یه‌وه‌، په‌رله‌مانتاران به‌پێی بڕگه‌و ماده‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، پێشنیازو تێبینییه‌كانیان له‌باره‌ی ماده‌ به‌ماده‌ی پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تاپه‌سندكردنی ده‌ستوور به‌پێی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی، خسته‌ڕوو.
دوای گفتوگۆكردنی سه‌رجه‌م ماده‌ و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌ یاسا پێشنیازكراوه‌كه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داواى له‌ لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی كرد سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیاز و بۆچوونانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ خرانه‌ڕوو به‌هه‌ند وه‌ربگرن و دایبڕێژنه‌وه‌ و ئه‌و پێشنیازانه‌شی كه‌ زیاتر له‌ سێ كه‌س پشتیوانییان لێكردووه‌ بۆ رۆژى ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسا پێشنیازكراوه‌كه‌ ئاماده‌بكرێن بۆئه‌وه‌ى بخرێنه‌ ده‌نگدانه‌وه‌.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>