له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دیوانی چاودێریی دارایی
سه‌رۆكی په‌رله‌مان : "رێگه‌ناده‌ین هیچ كه‌س و لایه‌نێك رێگری له‌كاره‌كانی چاودێریی دارایی بكه‌ن"

04/03/2019 02:33:00 م
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی دیوانی چاودێریی دارایی جه‌خت له‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوانیان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ رووی چاودێریكردنى دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و  له‌ رووی یاساییه‌وه‌.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4/3/2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی  هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، له‌نوسینگه‌ی خۆی له‌ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی كرد د.خالید چاوشلی، سه‌رۆكی دیوانی چاودێریی داراییی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری.
له‌دیدارێكدا د.خالید چاوشلی، سه‌رۆكی دیوانی چاودێریی داراییی هه‌رێمی كوردستان دوای پیرۆزبایی له‌ده‌سته‌ی هه‌ڵبژێردراوی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، كورته‌یه‌ك له‌ كاروباره‌كانی دیوانی چاودێریی داراییی هه‌رێمی كوردستانى خسته‌ڕوو، ئاماژه‌ی به‌و هه‌نگاوانه‌ كرد كه‌ چاودێریی دارایی له‌ماوه‌ی ڕابردوو ئه‌نجامی داون له‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و  له‌ به‌دواداچوونه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن به‌هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی په‌رله‌مانی كوردستان.
لای خۆشییه‌وه‌ د.ڤاڵا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی سه‌رۆكی چاودێریی داراییی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان هاوكارو هه‌ماهه‌نگ و پشتیوانی له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی وه‌ك چاودێریی داراییی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و رێگه‌ناده‌ین هیچ كه‌س و لایه‌نێك رێگری بكه‌ن له‌كاره‌كانی چاودێریی دارایی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌و پشتیوانتان ده‌بین له‌ رووی یاساییه‌وه‌ و هه‌موو هاوكارییه‌كتان ده‌كه‌ین".  

رۆژمێرى رووداوه‌كان