كۆنفڕانسێك سه‌باره‌ت به‌ لامه‌ركه‌زییه‌ت و رۆل وكاری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌چوو

29/08/2018 11:55:00 ص
سه‌عات 10ی ‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 29/8/2018، له‌ژێر چاودێریی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و به‌هه‌ماهه‌نگیی لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ردوو رێكخراوی ئه‌فرا و پاوی ناحكومی، كۆنفڕانسێكی فراوان له‌باره‌ی لامه‌ركه‌زییه‌ت و رۆل وكاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌هۆڵی په‌ناگیری په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆن و لیسته‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و پارێزگارى هه‌ولێر و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێرو نوێنه‌ران و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هه‌ولێرو سلێمانی و دهۆك و ژماره‌یه‌ك له‌دادوه‌ران و چالاكوانانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی به‌ڕێوه‌چوو، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستخۆشی و سوپاسی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌ین بۆ رێكخستنی ئه‌و كۆنفڕانسه‌و ئه‌وه‌ په‌رۆشی و جدییه‌تی په‌رله‌مان ده‌رده‌خات له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی فراوانكردنی ئاستی حوكمڕانی له‌هه‌رێم". 
 
 
 
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان راشیگه‌یاند: "پێویسته‌ لامه‌ركه‌زییه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای پێشكه‌شكردنی باشترین خزمه‌تگوزاری بێت بۆ هاووڵاتییان و دووربێت له‌ ئه‌جێنداو ململانێی حیزبییانه‌و له‌ماوه‌ی رابردووشدا لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌كاتی جێبه‌جێكردنی یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان رووبه‌ڕووی چه‌ندین گرفت و ئاسته‌نگ بوونه‌ته‌وه،‌ بۆیه‌ كاتیه‌تی پێداچوونه‌وه‌ی جدیی بۆ بكرێت تاوه‌كو بتوانین به‌باشترین شێوه‌ كاروباری هاووڵاتییان رایی بكرێت و ئه‌زموونی هه‌رێم پێشبخه‌ین".
دواتر له‌چوارچێوه‌ی كاره‌كانی كۆنفڕانسه‌كه‌دا په‌رله‌مانتار سالار مه‌حمود، سه‌ركی لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی گرنگیی كاره‌كانی ئه‌م كۆنفڕانسه‌ دوا و رایگه‌یاند: "پێدانی ده‌سه‌ڵات به‌ پارێزگاو ئه‌نجوومه‌نه‌كان ده‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌پێدانی ناوچه‌كان و رۆتینیات كه‌مده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ لێره‌وه‌ پشتگیریی هه‌ر هه‌وڵێك ده‌كه‌ینه كه‌ ببێته‌هۆی پێشخستنی كاروباره‌ ئیدارییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین له‌پێناو جێبه‌جێكردن و ساناكردنى راییكردنی كاروباری هاووڵاتییان و په‌رله‌مانیش ده‌توانێت له‌لایه‌نی یاسادانان و هه‌مواركردنه‌وه‌ پشتگیرو هاوكار بێت، هه‌روه‌ك سوپاسی هه‌ردوو رێكخراوی ئه‌فرا و پاوی ناحكومیی كرد بۆ رێكخستن و ئه‌نجامدانی كۆنفڕانسه‌كه‌".
 
 
 
پاشان نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر له‌ وته‌یه‌كدا تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی پراكتیكی له‌چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له‌عێراق و ده‌سه‌ڵاتی پارێزگاكان و رایگه‌یاند: "دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر ده‌ركردنی یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و ده‌ركه‌وتنی لایه‌نه‌ نه‌رێنی و به‌ربه‌سته‌كانی له‌ئه‌رزی واقیعدا پێویست ده‌كات به‌پێی بارودۆخی ئێستاو له‌به‌رچاوگرتنی لایه‌نی ته‌كنیكیی ئیداری له‌جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان یاساكه‌ هه‌موار بكرێـته‌وه‌".
دواتریش له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زی و رۆڵی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
به‌رنامه‌ی كۆنفڕانسه‌كه‌ له‌ سێ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی پێكهاتبوو: یه‌كه‌م تایبه‌تبوو به‌ پرسی یاسای ئه‌نجوومه‌ن و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 3ی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و دووه‌میش تایبه‌تبوو به‌ لامه‌ركه‌زییه‌ت و رۆڵ وكاری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، دوا خاڵیش تایبه‌ت كرابوو به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی پانتایی به‌شداریی كارای هاووڵاتییان له‌كاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكاندا.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان