ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان پێشوازی له‌شاندێكی سه‌نته‌ری ئورسام بۆ توێژینه‌وه‌ی ستراتیژیی توركی ده‌كات

04/07/2018 04:51:00 م
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 4/7/2018، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكارانی په‌رله‌مان، له‌نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ پڕۆفیسۆر دكتۆر ئه‌حمه‌د ویساڵ، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری ئورسام بۆ توێژینه‌وه‌ی ستراتیژیی توركی و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌دیدارێكدا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامیی بۆ خواستن له‌كاره‌كانیان وه‌ك سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی له‌بواره‌ جیاجیاكان تویێژنه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و هاوكار ده‌بن بۆ ده‌ستنیشانكردنی پڕۆژه‌ی گرنگ و به‌سوود و به‌هێزیی په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی نێوان گه‌لان و نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی توركیا.
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌شاندی میوان كرد په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌گه‌ڵ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگ بن بۆئه‌وه‌ى به‌هاوبه‌شی پڕۆژه‌ و توێژینه‌وه‌ی گرنگ پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ خزمه‌تگه‌یاندن به‌هه‌ردوولا.
پاشان پڕۆفیسۆر دكتۆر ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری ئورسام، سوپاس و پێزانینی خۆی گه‌یانده‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ و رایگه‌یاند: "بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی توركیا به‌هێزتر بكرێت به‌تایبه‌تی له‌نێوان زانكۆكانی هه‌ردوولا و ئاماده‌یی خۆشی نیشاندا بۆئه‌وه‌ی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان توێژینه‌وه‌ و لیكۆڵینه‌وه‌ به‌شێوه‌ی زانستی  ئه‌نجامبده‌ن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان