سكرتێرى پەرلەمان پێشوازی لە وەفدێکی پەرلەمانی بەریتانیا دەکات

29/05/2018 04:38:00 م
ئەمڕۆ سێشەممە 2018/5/29، بێگەرد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، له‌ نوسینگه‌ی خۆى لە تەلاری پەرلەمان پێشوازیی لە وەفدێکی پەرلەمانی بەریتانیا کرد، کە پێکهاتبوو لە پەرلەمانتاران جاک لۆ پرستی، سەرۆکی وەفدەکە و ڕۆبێرت ھاڵفن، سەرۆکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی بەریتانیا و گاری کێنت، پەرلەمانتاری پێشوو، لام ئۆڵماک و ماسیۆ دێنت په‌رله‌ماناتارانی پێشووی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا. 
له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ژمارەیەک له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆن و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان و ڕاوێژکارانی پەرلەمان به‌ڕێوه‌چوو، بێگەرد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی وەفدەکەی پەرلەمانی بەریتانیا، سوپاسی حکومەت و گەلی بەریتانیای کرد بۆ ئەو پاڵپشتییە گەورەییەی کە لە شەڕی داعش پێشکەشی گەلی کورد بە گشتی و پێشمەرگەیان بەتایبەتی کرد له‌ ڕووبەڕووبوونەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ لە ناوبردنی گەورەترین گرووپی تیرۆریستیی جیھانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ھەروەھا ئەو ھەڵوێستە ڕوونەی کە پەرلەمانی بەریتانیا نواندی بەرامبەر بە گەلی کوردستان دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.
لای خۆشییەوە جاک لۆپرستی، سوپاسى سكرتێری په‌رله‌مانى كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و پاڵپشتی پەرلەمانی بەریتانیاشی دووپات کردەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا دڵخۆشی خۆی پیشاندا بەرامبەر بەو پێکەوە ژیانەی ئاین و نەتەوە جیاوازەکان کە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و ھیوای خواست درێژەی پێبدرێت.
ھەر لە میانەی دیداره‌کەدا سکرتێری پەرلەمانی کوردستان داوایکرد لیژنەیەکی ھەماھەنگی له‌ نێوان ھەردوو پەرلەمانى كوردستان و به‌ریتانیا پێکبھێنرێت، بەمەبەستی پاڵپشتیی زیاتر و بەھێزکردنی پەیوەندیی نێوان گەلی کوردستان و بەریتانیا، ھەروەھا پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان ھەردوو پەرلەمان، وەفدەکەی پەرلەمانی بەریتانیاش پشتیوانیی ئەو پێشنیازەی پەرلەمانی کوردستانیان کرد. 
لە کۆتایى دیداره‌كه‌شدا سکرتێری پەرلەمانی کوردستان درعی پەرلەمانی کوردستانی  وەک ئاماژەیه‌ك بۆ بەردەوامیی پەیوەندیی نێوانیان  پێشکەشی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی بەریتانیا کرد.
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان