لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی چه‌ند پرسێكی گرنگ تاووتوێ ده‌كات

28/05/2018 10:20:00 ص
به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێگی گرنگی په‌یوه‌ست به‌ كاروبارى لیژنه‌كه‌، سه‌عات 10ى به‌یانیی ئه‌مڕۆ 2018/5/28، لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و منداڵ و خێزان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیی گه‌شه‌ دارا حه‌فید، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی د.په‌رى صالح، بڕیارده‌رى لیژنه‌كه‌ و  زۆربه‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان كۆبۆوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكی گرنگی په‌یوه‌ست به‌كاروبارى لیژنه‌كه‌ گفتوگۆیان له‌باه‌وه‌ كرا له‌وانه‌، مه‌سه‌له‌ی چاودێریی خێزان و بژێویی ژیانیان و مووچه‌ و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان و مووچه‌ی كه‌مئه‌ندامان. 
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پڕۆژه‌ى هاریكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی كرا كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ ئیشی زۆری له‌سه‌ر كرا  له‌دانیشتنه‌كانی پێشووی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می بۆ كراوه‌، به‌ڵام تائێستا نه‌خراوه‌ته‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان، بۆیه‌ لیژنه‌ بڕیاریدا یاداشتێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان بكات بۆئه‌وه‌ى هه‌رچی زووه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ بخرێته‌ نێو به‌رنامه‌ی كارى داهاتووی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و په‌سندكردنی.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسى یاسای كرێكاران له‌ عێراق كرا و جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت یان ئه‌و یاسایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ركاربكرێ یاخود ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ی كه‌ حكومه‌ت ئاماده‌ی كردبوو بهێندرێته‌ نێو په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆكردن و په‌سندكردنی.

رۆژمێرى رووداوه‌كان