جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە گەلی كوردستان پیرۆزدەكات

19/05/2018 12:23:00 ص

لە 19ی ئایاری ساڵی 1992 دا، گەلی كوردستان لە یەكەم پرۆسەی دیموكراسیدا ڕوویان لە سەندووقەكانی دەنگدان كرد بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان بۆ یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان.

ئەم رۆژە بە رۆژێكی مێژوویی و بەردی بناغەی دیموكراسی لە كوردستاندا هەژماردەكرێت و بەدەستپێكی قۆناغێكی نوێی خەباتی دیمۆكراسی و خۆبەرێوەبردنی گەلی كوردستان دادەنرێت، كە لەسەر ئاستی دەرەوەش دەنگی دایەوە و بووە جێگەی بایەخپێدانی ڕای گشتیی جیهان.

بەم بۆنەیەوە، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی كوردستان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەین، كە لە سایەی خوێنی پیرۆزیانەوە ئەم دەسكەوتە تۆماركراو بووە بنەمای دامەزراندنی یەكەمین كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 4/7/1992 دا و دواتر گەلی كوردستان قۆناغ بە قۆناغ و بەرێگای ئاشتی و دایالۆگ هەوڵی وەدیهێنانی مافە ڕەوایەكانی خۆی داوە، تا ئەمڕۆ كە هەلومەرجی سیاسی كوردستان و عیراق و ناوچەكە بەگشتی، پێشهات و گۆرانكاری خێرا بەخۆیەوە دەبینێت و پێویستە میللەتەكەمان، بەپشتبەستن بە ئەزموون و خەباتە مێژووییەكەی و متمانەی بە خۆی و تواناكانی، لەسەر هەموو كێشە و كۆسپ و گرفتەكان زاڵبێت و بەوشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكاندا بكات بۆ گەیشت بە مافەكانی.

بێگومان، پەرلەمانی كوردستانیش، بە درێژایی تەمەنیدا، هەمیشە بەگیانی بەرپرسیارێتییەوە و پاراستنی بەرژەوەندە گشتییەكانی كوردستان و یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد، كاری كردووە و سەدان یاسا و بڕیاری گرنگ دەرچواندووە و هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بەرچاوی وەرگرتووە و ڕۆڵێكی سەرەكیشی هەبووە لە پرۆسەی سیاسی و بووژانەوە و گەشەكردنی  ئابووری و بوارەكان كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و خۆشگوزەرانی و هەموو بوارەكانی تری ژیاندا.

جارێكی تر ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمان لە گەلی كوردستان پیرۆزدەكەین و نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی كوردستان.

 

 

جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

19/5/2018


رۆژمێرى رووداوه‌كان