لە پێشوازیی ژمارەیەك لە قوتاببیانی وڵاتی ئەڵمانیا
جێگری سەرۆكی پەرلەمان: هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری سەقامگیریبووە لە ناوچەكەدا

16/05/2018 11:15:00 ص

ئەمڕۆ چوارشەممە 16/5/2018 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بە ئامادەبوونی خاتوو بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە ژمارەیەك لە قوتابی و خوێندكارانی وڵاتی ئەڵمانیای كرد.

لە دەستپێكی دانیشتنەكەدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پۆختەیەكی دەربارەی پێكهاتەی پەرلەمانی كوردستان و مێژوو و چۆنیەتی دامەزراندنی پەرلەمان لە دوای راپەرینی 1991 و هەوڵەكانی كوردستانییان بۆ بەدەستهێنانی فیدرالیی و دواتر سەربخۆیی و رایگەیاند: هەرێمی كوردستان هەمیشە خۆی بەدوور گرتووە كە ببێتە بەشێك لە كێشە بەڵكو هەوڵی چارەسەری كێشەكان داوە بۆ ئەوەی عیراقێكی دیموكراسی و مەدەنی بونیاتبنرێت، هەروەها فاكتەری سەقامگیریشبووە لە ناوچەكەدا.

دكتۆر جەعفەر ئێمینكی ئاماژە بە رۆڵی پێشمەرگەی كوردستانی دا لە شەری دژی تیرۆریستان و بەرگریكردن لە خاكی وڵات و بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكەدا و وتی: ئەگەر پێشمەرگەی كوردستان نەبوایە داعش ئەوها بە خێرایی لەناونەدەچوو، هەروەها باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدای كرد و هیوای خواست كە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەوڵی جددیتر بدرێت بۆ ئەوەی رەوشەكە زیاتر بەرەو ئارامی و تەبایی بچێت. لەلایەن خۆشیەوە خاتوو بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان چەند تەوەرێكی دەربارەی پێكهاتەی پەرلەمان و بەرەوپێشچوونی ئاستی زانستی لە هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ پاڵپشتیكردنی ئەم رەوتە باسكرد، هەروەها باسی رۆڵی ئافرەتانی كوردستانیشی كرد لە هەموو بوارەكانی ژیاندا و ئامادەكارییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ دەرچواندنی یاسای چاكسازی لە گشت سێكتەرەكاندا.

لە كۆتاییشدا میوانەكان چەندین پرسیاریان دەربای پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن و سیستەمی بەرێوەبردن لە هەرێم، خستیانەڕوو.


رۆژمێرى رووداوه‌كان