په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنی كردنه‌وه‌ی خولی گرێدانی به‌هاره‌ی ئه‌نجامدا
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان: "بۆ به‌رگریكردن له‌مافه‌ ره‌وا و ده‌ستوورییه‌كانمان له‌ عێراق پێویستیمان به‌یه‌كتر قبوڵكردن و یه‌كڕیزییه‌"

07/05/2018 12:47:00 م
سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2018/05/07، په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی كردنه‌وه‌ی خولی گرێدانی به‌هاره‌، ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ى خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌ سێ خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ رێزلێنان له‌گیانی شه‌هیدانی كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵ مارشی نه‌ته‌وه‌یی، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ كردنه‌وه‌ی خولی گرێدانی به‌هاره‌، ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی چواره‌مى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن به‌رێز جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌ وتاری به‌رێز جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی خولی گرێدانی به‌هاره‌، ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی چواره‌مى هه‌ڵبژاردن.
 
 
 
دواتر خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كار خرانه‌ڕوو، له‌سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌دا ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ رێزلێنان له‌گیانی شه‌هیدانی كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵ مارشی نه‌ته‌وه‌یی و پاشان له‌لایه‌ن جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كردنه‌وه‌ی خولی گرێدانی به‌هاره‌، ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی چواره‌مى هه‌ڵبژاردن راگه‌یاندرا، له‌وته‌یه‌كیشدا به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی خولی گرێدانی به‌هاره‌، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "هیوادارین ئه‌م خوله‌ش وه‌كو خولی پاییزه‌ی ئه‌مساڵی په‌رله‌مان ده‌رفه‌تێك بێت بۆ په‌سندكردنی یاسای چاكسازی كه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر چاوه‌رێی ده‌كه‌ن". 
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان له‌ئێستادا به‌هۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ به‌قۆناغێكی هه‌ستیارو چاره‌نووسساز تێده‌په‌ڕێت و بۆ كوردستان و عێراقیش گرنگیی خۆی هه‌یه ‌و بۆیه‌ تا كورد ئه‌نجامی باشتر به‌ده‌ستبهێنێت ئه‌وا باشتر خزمه‌ت به‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و پێگه‌و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم پارێزراوتر ده‌بێت".
 
 
 
هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی خسته‌روو كه‌ ئامانجی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌رگریكردنه‌ له‌مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگی گه‌لی كوردستان و به‌رگریكردنه‌ له‌ مافه‌ره‌وا و ده‌ستوورییه‌كان‌، بۆیه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان یه‌ك ئامانجی هاوبه‌ش كۆیان ده‌كاته‌وه و‌ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ش پێویستیمان به‌یه‌كترقبوڵكردنه‌، چ بۆ ئه‌مڕۆ كه‌ ‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و بۆ ئه‌و ‌كاته‌ی كه‌ ده‌چینه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
دوای پێشكه‌شكردنی وتاری كردنه‌وه‌ی خولی گرێدان، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان