په‌یامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ ساڵیادی له‌ سێداره‌دانی "قازی محه‌مه‌د"دا

30/03/2018 09:33:00 م
به‌بۆنه‌ی یادی 71 ساڵه‌ی له‌ سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، دامه‌زرێنه‌رى كۆماری كوردستان له‌ مه‌هاباد، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان په‌یامێكی راگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
پەیامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی لەسێدارەدانی پێشەوا "قازی محەمەد" دا
ئەمڕۆ یادی " 71 " ساڵەی لە سێدارەدانی دامەزرێنەری كۆماری كوردستان لە مەهاباد، هێمای بەرخودان، پێشەوا قازی محەمەد دەكەینەوە.
دامەزراندنی كۆماری كوردستان لەو سەردەمەدا، هێنانەدیی خەونی گەلی كورد بوو، كە لە ژێر ستەمی دوژمنانی دەناڵییەوە. هەرچەندە بەهۆی پیلانەكانی دوژمنانی كورد و بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی زلهێز لەو سەردەمەدا، تەمەنی ئەو كۆمارە ماوەیەكی كورتی خایاند، بەڵام دەستكەوتێكی مێژوویی پڕِ ئەزموون بووە كە هەمیشە گەلی كوردستان شانازیی پێوە دەكات، گرنگیی ئەو دەستكەوتەش لەوەدایە كە نەك تەنها كوردانی رۆژهەلاتی كوردستان بەڵكو كوردانی هەموو پارچەكانی كوردستان بەشدارییان تیایدا كرد و باشووری كوردستانیش بەشدارییەكی كاریگەری تیایدا كرد، بە سەركردایەتیی بارزانیی نەمر، كە ئاڵای كوردستانی بە ئەمانەتەوە لە پێشەوا وەرگرتەوە و ئەمڕۆش ئەم ئاڵایە لە هەموو كوردستان دەشەكێتەوە و گەلی كورد بە چاوێكی پڕ لە هیواوە دەڕوانێتە ئەو ئامانجانەی كە كۆماری كوردستان لەپێناویاندا دامەزرا، بۆ بەدیهێنانی گشت مافەكانی لە ئازادی و سەربەخۆییدا.
لەم یادەدا هیواخوازین ئەو ئامانجەی پێشەوا و هاوڕێیەكانی گیانی خۆیان لەپێناویدا فیداكرد، پەیڕِەو بكەینەوەو پەند لە پەیامەكەی وەربگرین، پەیامی داكۆكیكردن لە خەباتی نەتەوەیی و یەكڕیزیی گەلی كورد تا گەیشتن بە سەرجەم مافە رەواكانی .
سڵاو بۆ گیانی پاكی پێشەوا قازی محەمەد و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریخوازیی كوردستان.
جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

رۆژمێرى رووداوه‌كان