جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی هه‌كپارتی ده‌كات

07/03/2018 08:25:00 ص
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7/3/2018، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ شاندێكی هه‌كپارتی له‌ باكووری كوردستان كرد. 
له‌ دیدارێكدا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، تیشكی خسته‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی و داراییی هه‌رێمی كوردستان و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و  ئه‌و كه‌شه‌ سیاسییه‌ی كه‌ دوای 16 ئۆكتۆبه‌ر دروستبووه‌ و ئه‌و كاره‌ ناده‌ستوورى و نایاساییانه‌ی كه‌ حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كوردستان له‌ باشوور ئه‌نجامی ده‌دات، له‌ داگیركردنی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی عێراقدا.
سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانیش، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، گوتی: "په‌رله‌مانی كوردستان ماڵی هه‌موو كورد و كوردستانییه‌كه‌ و  له‌ماوه‌ی رابڕووشدا بۆ ئاگاداربوون له‌ ره‌وشی برایانی ترمان له‌ باكوور و رۆژئاوا، شاندی په‌رله‌مان سه‌ردانیان كردوون و  هه‌میشه‌ گووتوومانه‌ كه‌ كێشه‌كان  به‌ شه‌ڕ چاره‌سه‌ر نابن و داواى ئه‌وه‌مان كردووه‌ كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ و دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێن و پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا ده‌ستپێبكاته‌وه‌".
هه‌روه‌ها جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "كاره‌كانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان وه‌ك چاودێرو به‌دواداچوون بۆ كاره‌كانی حكومه‌ت به‌رده‌وامن و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له‌ نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی گشت كێشه‌ سیاسی و داراییه‌كان، به‌ جۆرێك كه‌ خزمه‌ت به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكات".
له‌ به‌رامبه‌ردا شاندی هه‌كپارتی سوپاس و پێزانینی خۆیان گه‌یانده‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ باشووری كوردستان كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونه‌ له‌ ره‌وشی سیایی هه‌رێمی كوردستان و ئاماژه‌یان به‌و زوڵم و سته‌مه‌ كرد كه‌ به‌رده‌وام دژ به‌ كورد و خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێن.
هه‌ر له‌ دیداركه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان گشت لایه‌نه‌كان كرایه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌ یه‌كده‌نگی و له‌ رێگه‌ی دیالۆگ و دیموكراسییه‌وه‌ مافه‌ یاساییه‌كانیان به‌ده‌ست بێنن. 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان