لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كۆده‌بێته‌وه‌

06/03/2018 11:46:00 ص
به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌پرۆسه‌ی خوێندن، ئه‌مڕۆ 06/03/2018، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی د.ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سمۆ، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و زۆربه‌ی ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ پشتیوان صادق، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان كۆیۆوه‌. 
له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ له‌باره‌ی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌پرۆسه‌ی خوێندن كرا، به‌تایبه‌تی چۆنیه‌تیی رێكخستنی تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كان و پلانه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ پێشخستنی سێكته‌ری په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێم باسییان لێوه ‌كرا.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پشتیوان سادق، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم، كاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ پێشخستنی سێكته‌ری په‌روه‌رده‌ و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌می بۆ لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای په‌رله‌مان روونكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییی هه‌رێم كاریگه‌ریی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندن".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای په‌رله‌مان داوای روونكردنه‌وه‌یان له‌باره‌ی تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كانی هه‌رێم و چۆنیه‌تیی چاودێریكردنی پرۆسه‌ی خوێندن له ‌خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاست و كوالیتیی خوێندن له‌گه‌ڵ وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ تاووتوێ كرد.

رۆژمێرى رووداوه‌كان