شاندی په‌رله‌مان بۆ رۆژئاوا: "داواكارین زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ جێگه‌ی شه‌ڕ و ئاشوب بگرێته‌وه"

13/02/2018 06:25:00 ص
له‌ درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا، شەوى یەکشەممە 2018/2/11، شاندى پەرلەمانى کوردستان کە پێکهاتبوو لە عەلی هالۆ، عەباس فەتاح، شێرکۆ حەمەئەمین، ئەبو کاروان و سوهراب میکائیل، بەنوێنەرایەتیی پەرلەمانی کوردستان گەیشتنە ناوچەى عەفرینى رۆژئاواى کوردستان. 
بەیانیى ڕۆژی دووشه‌مه‌ 2018/2/12، شاندى پەرلەمانى کوردستان سه‌ردانى ناوەندى خۆبەڕێوەبەرى دیموکراتیى ناوچه‌ی عەفرین-یان كرد و لەگەڵ به‌رپرسانی ناوه‌نده‌كه‌ کۆبوونه‌وە و دواتر کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیان ئەنجامدا. 
سەرەتاى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، به‌رپرسانی ناوه‌نده‌كه‌ وێڕای بەخێرهێنانى شاندى پەرلەمانى کوردستان، رایانگەیاند: "هاتنى شاندى پەرلەمانى کوردستان و پشتیوانییان له‌ رۆژئاوا به‌رزده‌نرخێنین و هەنگاوێکى گرنگیشە بۆ عەفرین". 
لای خۆشیانەوە شاندى پەرلەمانى کوردستان لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایانگەیاند: "هاتنمان بۆ عەفرین بۆ ده‌ربڕینی پشتیوانیى پەرلەمان و گەلى کوردستانە بۆ رۆژئاوا" و جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌كگرتوویی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و راگرتنی تۆپبارانه‌كان بۆ سه‌ر خه‌ڵكی سیڤیل كرده‌وه‌ و داواشیان كرد زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ جێگه‌ی شه‌ڕ و ئاشوب بگرێته‌وه‌ و به‌زووترین كات شه‌ڕ كۆتایی پێبێت.

رۆژمێرى رووداوه‌كان