لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ داوا له‌ عه‌بادى ده‌كات داواى لێبووردن له‌ پێشمه‌رگه‌ بكات

10/12/2017 02:06:00 م
لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و كاروبارى شه‌هیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانییانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ یاداشتێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 10/12/2017، ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق-ی كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناونه‌هێنانی پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن عه‌بادی-یه‌وه‌ له‌ وتاره‌كه‌یدا به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنى یه‌كجاره‌كى به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعش له‌ عێراقدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ سایتی په‌رله‌مانی كوردستان نێردراوه‌، لیژنه‌كه‌ وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌فتاره‌ى عه‌بادى و باسنه‌كردنی رۆل و قاره‌مانییه‌تیی هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش كه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ده‌نگی دایه‌وه‌، داوا له‌ عه‌بادى ده‌كات داواى لێبووردن له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان بكات و ئه‌مه‌ش ده‌قی یاداشته‌كه‌یه‌:
 
 
           بۆ/  سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان- عێراق      
                                                   بابه‌ت/ یاداشت
لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و كاروبارى شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان نیگه‌رانى و ناڕه‌زایی خۆى ده‌رده‌بڕێت به‌رامبه‌ر ناونه‌هێنانى پێشمه‌رگه‌ له‌ وتاره‌كه‌ى عبادیدا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆریستانى داعشدا، له‌ كاتێكدا ڕۆڵ و قاره‌مانییه‌تى و سمبولییه‌تیى پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهاندا ده‌نگى داوه‌ته‌وه‌و به‌ ناونه‌هێنانى پێشمه‌رگه‌ له‌ سمبولییه‌تى و ڕۆلى كاریگه‌رى پێشمه‌رگه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌.
له‌و كاتانه‌ى كه‌ تیرۆریستانى داعش ده‌ستییان به‌ داگیركارى كردو له‌ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكى كه‌مدا سوپاى عێراق موسڵ و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى چۆڵكردو داى به‌ده‌سته‌وه‌، به‌هه‌موو چه‌ك و جبه‌خانه‌یه‌كه‌وه‌ و تا نزیك به‌غداى پایته‌خت هاتن، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان بۆ پارێزه‌رى زۆرێك له‌و ناوچانه‌ى كه‌ پێى ده‌وترێت كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، له‌ماوه‌ى سێ ساڵى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستانى داعشدا قاره‌مانانه‌و نه‌به‌ردانه‌ به‌ئه‌رك و ڕۆڵى خۆیان هه‌ستاون و هه‌ر ئه‌ركێك سپێردرابێت به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ كاتى ئازادكردنى موسڵدا سه‌ركه‌وتنى تێدا به‌ده‌ستهێناوه‌، زیاتر له‌(1800) هه‌زار و هه‌شت سه‌د پێشمه‌رگه‌ گیانى به‌خت كردووه‌ و شه‌هیدبووه‌ و زیاتر له‌ (10000) ده‌ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ بریندار و كه‌مئه‌ندام بوون.                                                                                                             
باسنه‌كردنى هه‌موو ئه‌و قوربانیدان و نه‌به‌ردییانه‌ به‌شێكه‌ له‌و ململانێ و سزا سیاسییانه‌ى حكومه‌تى عبادى ده‌ستی داوه‌تێ به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان.
هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ داوا ده‌كه‌ین عبادى داواى لێبووردن له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان بكات كه‌ ناوى نه‌هێناون، بۆیه‌ دووباره‌ى ده‌كه‌ینه‌وه‌و ده‌ڵێین دڵنیابه‌ به‌ ناونه‌هێنانى پێشمه‌رگه‌ له‌ سیمبولییه‌تی و ڕۆڵى گرنگى پێشمه‌رگه‌ كه‌م ناكات.
                                                                       له‌گه‌ڵ ڕێزماندا...
                      لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و كاروبارى شه‌هیدان و قوربانیانى 
                     جینۆساید و زیندانیانى سیاسى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان
                                            2017/12/10 
 
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان