شاندێكى په‌رله‌مان چاودێریى هه‌ڵبژاردنى خۆرئاواى كوردستانى كرد

02/12/2017 02:34:00 م
ڕۆژى هه‌ینى 1/12/2017، شاندێكى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان  كه‌ پێكهاتبوو له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ( ئامینه‌ زكرى، شێركۆ حه‌مه‌ ئه‌مین و زانا عه‌بدولڕه‌حمان) ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌سه‌ر داواى كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنى خۆرئاواى كوردستان له‌ خۆرئاواى كوردستان چاودێریى هه‌ڵبژاردنییان كرد.
له‌سه‌ره‌تادا شاندى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى گۆڕستانى شه‌هیدانى كۆبانێى كرد و پاشان سه‌ردانى باره‌گاى كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنى هه‌رێمى فوڕاتى له‌ كانتۆنى كۆبانێ كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانى كۆمیسیۆن به‌ وردى گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن كرا.
 
 
دواتر شاندى په‌رله‌مان له‌ چه‌ند بنكه‌یه‌كى هه‌ڵبژاردن له‌ ناو سه‌نته‌رى كۆبانێ چاودێریى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنییان كرد و سه‌رنج و تێبینى خۆیان له‌سه‌ر به‌ڕِێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردن نووسى و له‌گه‌ڵ سه‌ردان بۆ مۆزه‌خانه‌ى كۆبانێ كه‌ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ له‌ده‌ست چه‌كدارانى داعش جێماوه‌ و سه‌ردانیش بۆ ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ شه‌ڕى سه‌ختى نێوان تیرۆریستانى داعش و هێزه‌كانى شه‌رڤان و پێشمه‌رگه‌ى تێدابوو.
خه‌ڵكى كۆبانێ خۆشحاڵبوون كه‌ شاندى په‌رله‌مانى كوردستانییان ده‌بینى و به‌ گرنگییه‌وه‌ باسى بڕیارى په‌رله‌مانى كوردستانیان ده‌كرد بۆ هاتنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان.
پاشان شاندى په‌رله‌مان سه‌ردانى عامودێ یان كرد و چه‌ند بنكه‌یه‌كى هه‌ڵبژاردنیان به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و دواتر چه‌ند بنكه‌یه‌كى هه‌ڵبژاردنیان له‌ قامشلۆ به‌سه‌ر كرده‌وه‌.
بۆ شه‌وه‌كه‌ى شاندى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى  رمێلان-یان كرد و له‌ كاتژمێر 10ى شه‌و به‌كاتى خۆرئاوا بنكه‌كانى ده‌نگدان به‌ڕووى ده‌نگده‌ران داخرا و پرۆسه‌ى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان ده‌ستى پێكرد.
هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى رێڤه‌به‌رى شاره‌وانییه‌كان ئه‌مڕۆ هه‌ینى 1/12/2017، له‌ هه‌رسێ هه‌رێمى خۆرئاواى كوردستان ئه‌نجامدرا و پرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌شتى به‌یانى تا ده‌ى شه‌و به‌رده‌وامبوو.

رۆژمێرى رووداوه‌كان