شاندێكى په‌رله‌مان چاودێریى هه‌ڵبژاردنى خۆرئاوا ده‌كات

30/11/2017 08:40:00 م
شاندێكى فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ خۆرئاواى كوردستانه‌ و سبه‌ى هه‌ینى چاودێریى هه‌ڵبژارنه‌كان ده‌كات.
دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 29/11/2017، شاندێكى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ (ئامینه‌ زكرى، شێركۆ حه‌مه‌ ئه‌مین و زانا عه‌بدولڕه‌حمان) له‌سه‌ر داواى كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنى خۆرئاواى كوردستان گه‌یشتنه‌ خۆرئاواى كوردستان و ئه‌مڕۆ له‌ قامشلۆ و هه‌رێمى فوڕات چه‌ندین دیداریان ئه‌نجامدا.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30/11/2017 ، شاندى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى قامشلۆیان كرد و سه‌ره‌تا سه‌ردانى گۆڕستانى شه‌هید دلیل سارۆخانیان كرد و دواتر سه‌ردانى په‌یوه‌ندییه‌ دبلۆماسییه‌كانى ته‌ڤده‌میان كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ره‌وشى خۆرئاواى كوردستان و هاوكارییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان گفتوگۆى له‌سه‌ر كرا.
هه‌ردوولا به‌بایه‌خه‌وه‌ باسیان له‌ به‌رده‌وامیى په‌یوه‌ندییه‌كان كرد و پێیان وابوو كه‌ له‌و گۆڕانكارییانه‌ى له‌ناوچه‌كه‌ له‌ ئارادایه‌ پێویسته‌ سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وامییان هه‌بێت.
دواى نیوه‌ڕۆ شاندى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى كۆبانێ-یان كرد له‌ هه‌رێمى فوڕات، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكى پێشووى په‌یه‌ده‌ باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانى نێوانیان كرا و شاندى په‌رله‌مانى كوردستان خۆشخاڵیان ده‌ربڕى به‌وه‌ى كه‌ له‌كاتى هێرشى تیرۆریستانى داعش هه‌رێمى كوردستان به‌ بڕیارى په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان هاوكاریى كردن له‌ تێكشكاندنى چه‌كدارانى داعش و ئێستاش كۆبانێ ئاوه‌دان ده‌كرێته‌وه‌.
هه‌ر له‌ دیداره‌كانى شاندى په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنى هه‌رێمى فوڕات كۆبوونه‌وه‌ و به‌ وردى باس له‌ ئاماده‌كارییه‌كانى هه‌ڵبژاردن كرا كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ى هه‌ینى ئه‌نجامبدرێت.
هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى رێڤه‌به‌رى شاره‌وانییه‌كان بڕیاره‌ رۆژى هه‌ینى 1/12/2017 له‌ هه‌رسێ هه‌رێمى خۆرئاواى كوردستان ئه‌نجامبدرێت و پرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌شتى به‌یانى تاوه‌كو هه‌شتى شه‌و به‌رده‌وامیى ده‌بێت.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان