لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر مه‌ترسیی بڕینه‌وه‌ى دار بۆ سه‌ر ژینگه‌ ده‌كات

27/11/2017 03:54:00 م
به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى پزیشكانى نیشته‌جێى خولاو، له‌گه‌ڵ بوونى مه‌ترسى له‌سه‌ر ژینگه‌ى هه‌رێم به‌هۆى بڕینه‌وه‌ى دار، سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27/11/2017، لیژنه‌ى ته‌ندروستى و كاروبارى ژینگه‌ له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیى زوڵفا مه‌حمود، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی زۆربه‌ی ئه‌ندامانى  كۆبۆوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر مه‌ترسیى به‌دیارده‌بوونى بڕینه‌وه‌ى دار كرا به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی له‌ برى نه‌وتى سپییه‌وه‌ به‌هۆی دابه‌شنه‌كردنی به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، كه‌ مه‌ترسى و كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر ژینگه‌ ده‌بێت، دوای گفتوگۆكردنى له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ بڕیاردرا له‌ رێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ نووسراو ئاراسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێم بكرێت بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بكات تا نه‌وتى زیاتر ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكات و پاڵاوگه‌كانى بازیان و كه‌ڵه‌ك ناچار بكه‌ن به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ ماوه‌ى یه‌ك مانگ بدرێته‌ ناوخۆى هه‌رێم.
له‌به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕِۆژه‌ یاساى ئه‌نجوومه‌نى هێسكارى ته‌ندروستى كرا، كه‌له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى لیژنه‌كه‌كراو پاشان لیژنه‌ى ته‌ندروستى پڕۆژه‌ یاساكه‌ى ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان كرد بۆئه‌وه‌ى له‌دانیشتنه‌كانى داهاتووى په‌رله‌مان بیخاته‌ به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كانه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى.
له‌كۆتایشدا گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌و داواكارییه‌كانى پزیشكانى نیشته‌جێى خولاو كرا كه‌ماوه‌یه‌كه‌ ده‌ستییان به‌مانگرتن كردووه‌، له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ لیژنه‌كه‌ هه‌وڵى دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمى داواكارییه‌كانى پزیشكانى دا بۆئه‌وه‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌ده‌م داواكانییانه‌وه‌ بچن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان