هەرسێ لیژنەكانی یاسایی و ناوخۆ و مافی مرۆڤ راپۆرتی هاوبەش لەسەر پرۆژە یاساكانی لێبوودنی گشتی ئامادە دەكەن

26/11/2017 08:15:00 ص

سەعات 10ی سەرلەبەیانی ئەمرۆ 26/11/2017 كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرسێ لیژنەكانی یاسایی و ناوخۆ و مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی هەرسێ پرۆژە یاسای پێشنیاركراو دەربارەی لێبوودنی گشتی لەهەرێمی كوردستان بەرێوەچوو.

لەكۆبوونەوەكەدا، كە سەرۆك و جێگرو بریاردەری هەرسێ لیژنەكانی یاسایی و كاروباری ناوخۆ و مافی مرۆڤی پەرلەمان بەرێوەچوو، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی هەرسێ پرۆژە یاسای پێشنیاركراو دەربارەی لێبوودنی گشتی و پێشنیازو بۆچوونی نوێنەرانی ئەنجومەنی دادوەری و نوێنەرانی حكومەت بۆ دەوڵەمەندتركردن و پوختكردنەوەی پرۆژەكان پێشكەشكرابوون، گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.

هەروەها لەژێر رۆشنایی راسپاردەو پێشنیازەكانی كۆبوونەوەی رابردووی نێوان پەرلەمان و نوێنەرانی حكومەتی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری، لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان راپۆرتی كۆتایی خۆیان لەبارەی هەرسێ پرۆژە یاسای پێشنیاركراو دەربارەی لێبووردنی گشتی لەهەرێمی كوردستان ئامادە بكەن و سەرجەم ماددەو برگەكانی پرۆژەكان لەچوارچێوەی پرۆژەیەكدا یەكبخەن و لەرێگەی راپۆرتی هاوبەشی لیژنەكانەوە بخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران. هەر لەكۆبوونەوەكەشدا بریاردرا راپۆرتی كۆتایی هاوبەشی هەرسێ لیژنەكانی یاسایی و ناوخۆ و مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەنجومەنی دادوەری و حكومەتی هەرێم رەوانە بكرێت تاوەكو دواین راو تێبینەكانی خۆیان لەبارەی راپۆرتەكەوە بۆ لیژنەكان بنێرنەوە.

 بریاریشە دوای وەرگرتنەوەی راوبۆچوونەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان، راپۆرتی هاوبەشی هەرسێ لیژنەكان پێشكەشی سەرۆكیاەتی پەرلەمانی كوردستان بكرێت تاوەكو بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی رێككارە یاساییەكانی.   


رۆژمێرى رووداوه‌كان