لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی وه‌رگرتنى خوێندكاران له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان ده‌كات

22/11/2017 11:03:00 ص
لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى بانگهێشت كرد بۆ لیژنه‌كه‌یان به‌مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێكى گونجاو بۆ  گیروگرفتى خوێندكاران له‌كاتى وه‌رگرتنیان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كاندا.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ی تشرینی دووه‌می 2017، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سمۆ، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى جێگر و بڕیارده‌ر و زۆربه‌ی ئه‌ندامانى و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتی له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا كه‌ له‌سه‌ر بانگهێشتی لیژنه‌كه‌ هاتبوونه‌ په‌رله‌مان، كۆبۆوه‌.
مه‌به‌ست له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێكى گونجاو بوو بۆ گیروگرفتى خوێندكاران له‌كاتى وه‌رگرتنیان له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌و كێشه‌ و گیروگرفتانه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، كه‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ش له‌ به‌دواداچوونیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن خوێندكارانه‌وه‌ رووبه‌ڕوویان كرابۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ وردى باس له‌ وه‌رگرتنى خوێندكاران له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان كرا و ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ تیشكیان خسته‌ سه‌ر كه‌موكوڕییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانیش له‌گه‌ڵ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیارى سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ به‌لێنیاندا كه‌ بۆ ساڵى داهاتوو ئه‌و گرفتانه‌ نه‌هێڵن.
له‌ به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پێدانى 10 نمره‌ به‌ خوێندكاران كرا و هه‌روه‌ها وانه‌ى عبور كه‌ چه‌ند جارێك خوێندكاران خۆپیشاندانیان له‌سه‌رى ئه‌نجامداوه‌، به‌ چڕى گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ كرا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان