په‌رله‌مانی كوردستان: "ره‌شنووسی بودجه‌ی عێراق ناده‌ستوورییانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ پشكی هه‌رێم له‌بودجه‌ی گشتیی عێراقدا كردووه‌"

15/11/2017 04:13:00 م
سه‌عات 3:30 پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 15/11/2017، په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره‌ (5)ی ئاساییی خولى پایزه‌، ساڵى چواره‌م له‌خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی ده‌ستیپێكرده‌وه‌. (زیاتر...) 
به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ به‌رده‌وامبوون بوو له‌سه‌ر ‌گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ى پێشنیازكراوی بودجه‌ی حكومه‌تی فیدڕالیی عێراق بۆ ساڵی 2018 و پشكی بودجه‌ی هه‌رێم.
له‌دانیشتنه‌ داخراوه‌كه‌دا، په‌رله‌مانتاران سه‌رنج و پێشنیازه‌كانی خۆیان له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی ده‌سپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی و پشكی 17% ى هه‌رێم له‌بودجه‌ی گشتیی عیراق خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و دارایی راپۆرتی هاوبه‌شییان له‌باره‌ی گفتوگۆكانی پڕۆژه‌ى پێشنیازكراوی بودجه‌ی حكومه‌تی فیدڕالیی عێراق بۆ ساڵی 2018 و پشكی بودجه‌ی هه‌رێم خسته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان.
دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆكان، له‌سه‌ر بنه‌مای راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و دارایی، په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ند راسپارده‌یه‌كی به زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرد كه‌ له‌ دوو به‌ش پێكهاتووه‌و به‌شی یه‌كه‌می تایبه‌ته‌ به‌پرسه ده‌ستووری و یاساییه‌كان و به‌شی دووه‌میشی تایبه‌ته‌ به‌لایه‌نی داراییه‌وه‌، كه‌ له‌كۆی راسپارده‌كان هاتووه‌؛ له‌ڕووی ده‌ستوورییه‌وه‌ شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌پێی ره‌شنووسی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی گشتیی عیراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان و به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ مادده‌كانی (1،2،4،9،10,7،31،117،121)ى ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ ساڵی 2005. له‌ڕووی داراییشه‌وه‌ هاتووه‌: داواكراوه‌ حكومه‌تی عیراق به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌ 12,67% ه‌وه‌ بكاته‌وه‌ 17% و ئه‌گه‌رنا كار به‌بژارده‌ی دووه‌م بكرێت كه‌ 12,67% له‌كۆی گشتیی بودجه‌ی عێراق بۆ هه‌رێم خه‌رج بكرێت به‌بێ لێده‌ركردنی خه‌رجییه‌ سیادییه‌كان، ئه‌وكات هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌بێت به‌هه‌نارده‌كردنی 250 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان