په‌رله‌مانی كوردستان ‌ ره‌شنووشی پڕِۆژه‌ى پێشنیازكراوی بودجه‌ی حكومه‌تی فیدڕالیی بۆ ساڵی 2018 تاووتوێ ده‌كات

15/11/2017 09:14:00 ص
سه‌عات 10ی سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 15/11/2017، په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (5)ی ئاساییی خولى پاییزه‌، ساڵى چواره‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌ چوار خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌می تایبه‌تبوو به‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاسای هه‌موارى دووه‌می پیاده‌كردنی یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ى ساڵی 1979ى هه‌مواركراو له‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ یاسای لێبووردنی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق. 
 
 
 
خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش تایبه‌تبوو به جێگرتنه‌وه‌ و سوێندخواردنی به‌ڕێز (مسته‌فا ئه‌حمه‌د حه‌مه‌د) له‌ شوێنی ئه‌ندامی ده‌ستله‌كلركێشاوه‌ به‌ڕێز (گۆران ئازاد محه‌مه‌د)، به‌پێی مادده‌ی (31) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان. خاڵی سێیه‌میش بریتى بوو له پێشچاوخستنی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ڕێز (ئارى محه‌مه‌د هه‌رسین) له‌ لیژنه‌ی (كاروباری پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی)، به‌پێی مادده‌ى (44) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ.
دوا خاڵیش بریتى بوو له گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى پێشنیازكراوی بودجه‌ی حكومه‌تی فیدڕالیی عێراق بۆ ساڵی 2018 و پشكی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و شایسته‌ داراییه‌كانی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا.
به‌ر له‌ده‌سپێكردنی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانتارانی كوردستان ده‌قیقه‌یه‌ك به‌ بێده‌نگى وه‌ستان بۆ رێزلێنان له‌گیانی پاكی قوربانیانی كاره‌ساتی بوومه‌له‌ره‌زه‌كه‌ی رۆژانی رابردوو كه‌ هه‌رێمی كوردستان و ولاتانی دراوسێی ناوچه‌كه‌ی گرته‌وه‌.
 
 
 
دواتر خاڵه‌كانی به‌رنامی كار خرایه‌ڕوو، لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاسای هه‌موارى دووه‌می پیاده‌كردنی یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ى ساڵی 1979ى هه‌مواركراو، له‌گه‌ڵ  پڕۆژه‌ یاسای لێبووردنی گشتی كرد و له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كران بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی.
خاڵه‌كانی دووه‌م و سێیه‌میش تایبه‌تبوون به‌سوێندخواردنی په‌رله‌مانتار به‌ڕێز (مسته‌فا ئه‌حمه‌د حه‌مه‌د) له‌ شوێنی ئه‌ندامی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ به‌ڕێز (گۆران ئازاد محه‌مه‌د)، هه‌روه‌ها پێشچاوخستنی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ڕێز (ئارى محه‌مه‌د هه‌رسین) له‌ لیژنه‌ی (كاروباری پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی)، ئه‌م خاڵانه‌ش بۆ په‌رله‌مانتاران خرانه‌ڕوو، رێككاره‌ یاساییه‌كانی بۆ ئه‌نجامدرا.
 
 
 
سه‌باره‌ت به‌دوا خاڵی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ش، كه بریتی بوو له‌گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى پێشنیازكراوی بودجه‌ی حكومه‌تی فیدڕالیی عێراق بۆ ساڵی 2018 و پشكی بودجه‌ی هه‌رێم، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان پێشنیازیكرد گفتوگۆكردنی ئه‌و خاڵه به‌شێوه‌یه‌كی داخراو بێت و  به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ (47 ده‌نگ به‌رامبه‌ر 31 ده‌نگ) ئه‌و پێشنیازه‌ په‌سندكراو دانیشتنه‌كه‌ بووه‌ داخراو.
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان