نوێنه‌رانی گه‌ل له‌هه‌رێم و به‌غدا جه‌خت له‌یه‌كڕیزی و یه‌كگووتاریی نێوماڵی كوردی ده‌كه‌نه‌وه‌
كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان و نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستان له‌به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو

13/11/2017 01:37:00 م
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 13/11/2017 ، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.جه‌عفه‌ر ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و سه‌رۆكی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌باره‌ی پێگه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕال به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ده‌سپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، د.جه‌عفه‌ر ئێمینكین جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، جه‌ختى له‌سه‌ر پێویستیی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ رێگه‌ی دانووستاندن كرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕالی بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌رمێزی گفتوگۆو دانووستاندن، به‌تایبه‌تی له‌كاتی ئێستادا كه‌پرسی بودجه‌ی فیدڕالى كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌قووت و بژێویی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و هه‌وره‌ها بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌په‌یوه‌ندییه‌كان و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانمان پێویسته‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و فراكسیۆن و كوتله‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستانیش هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له‌نێوان یه‌كتری دروست بكه‌ن". 
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، راشیگه‌یاند: "وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوان و هاوكاریی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌بین به‌پێشكه‌شكردنی داتاو زانیاریی پێویست و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش هه‌م بۆ نیشاندانی ئاماده‌یی پشتیوانیی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ بۆ ئه‌ركی نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا بۆ باشتركردن و خێراتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نوێنه‌رانی كورده‌ هه‌م له‌به‌غداو هه‌م له‌هه‌رێم-یش، به‌تایبه‌تی له‌ئێستادا كه‌ پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراسی له‌عێراقدا به‌هه‌ڵه‌دا براوه‌و پێویسته‌ وه‌كو كورد پارێزگاری له‌بنه‌ما دیموكراسییه‌كان و جێبه‌جێكردنی فیعلیی ده‌ستووری عێراق وه‌كو خۆی بكه‌ین".
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌ هه‌ستیاریی قۆناغه‌كه‌و بوونى مه‌ترسی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان كردو رایگه‌یاند: "په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕالی به‌قۆناغێكی هه‌ستیار ده‌گوزه‌رێت و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان، بۆیه‌ ده‌بێت به‌یه‌كڕیزی و یه‌كگووتاریی نێوماڵی كورده‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌و قه‌یران و گرفتانه‌ ببینه‌وه‌و له‌و باره‌شدا ئه‌ركی نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا قورستر ده‌بێت و  پێویسته‌ پشتیوان و هاوكارییان بین بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌".
دواتر نوێنه‌رانی به‌شێك له‌فراكسیۆنه‌كانی كورد له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شداربوون، به‌رچاوڕوونی و پێشنیازو بۆچوونه‌كانی خۆیان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕال خسته‌ڕوو. 
هه‌روه‌ها له‌چوارچێوه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیشاندا بۆ په‌رله‌مان، پێشنیازیانكرد، په‌رله‌مانی كوردستان رۆڵی سه‌ره‌كی ببینێت له‌ئاساییكردنه‌وه‌و یه‌كخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردستان و هه‌روه‌ها داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن كه‌ له‌كاتی ئه‌نجامدانی گفتوگۆو دانووستاندنه‌كان هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بكه‌ن. 
له‌به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیاندا، نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا ئه‌وه‌شییان خسته‌ڕوو كه‌ پرۆسه‌ی ته‌وافوق له‌عێراقدا په‌كی خواردووه‌و كار به‌بنه‌مای زۆرینه‌ ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی له‌په‌رله‌مانی عێراقیدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پێشێلكردنی ده‌ستوور. راشیانگه‌یاند، به‌هێزیی نوێنه‌رانی كوردستان له‌به‌غدا په‌یوه‌سته‌ به‌حكومه‌تێكی ته‌ندروست و كارای هه‌رێم و هه‌بوونی دیموكراسییه‌تێكی به‌هێزو په‌رله‌مانێكی كارا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پێویسته‌ پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ته‌نازولی گه‌وره‌ بۆ یه‌كتری بكه‌ن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی گه‌لی كوردستان. هه‌روه‌ها داواشیانكرد په‌رله‌مان داوا بكات دانووستاندنه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێن نه‌ك نوێنه‌رانی حزبی.
پێشنیازیشیان كرد، دانووستانه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ژێر چاودێریی سه‌رۆككۆماری عێراق وه‌كو پارێزه‌ری ده‌ستوور به‌ڕێوه‌بچێت. جه‌ختیشیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت رازی بین به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی 17% هه‌رێمی كوردستان له‌بودجه‌ی گشتیی عێراقدا.
دوابه‌دوای كۆتاییهاتنی روونكردنه‌وه‌كانی نوێنه‌رانی به‌شێك له‌فراكسیۆنه‌كانی كورد له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سه‌رۆك فراكسیۆن و كوتله‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختییان له‌سه‌ر یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستان كرده‌وه‌و پشتیوانی و پشتگیریی خۆشیان بۆ نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا ده‌ربڕٍی، راشیانگه‌یاند: "یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگیی لایه‌نه‌ كوردیییه‌كان له‌به‌غدا خزمه‌ت به‌به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی كوردستان ده‌كات و پێویستیشه‌ ناكۆكی و جیاوازییه‌كان وه‌لا بنرێن و نه‌بنه‌ هۆی تێكدانی یه‌كڕیزی".
دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆی نێوان سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و سه‌رۆكی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌باره‌ی پێگه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕال و چۆنیه‌تیی گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌رو گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویست، به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتن، كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان و نوێنه‌رانی كورد جه‌ختییان له‌سه‌ر دانووستاندن كرده‌وه‌و تێیدا هاتووه‌:
په‌رله‌مانی كوردستان پشتگیری له‌یه‌كڕیزی و یه‌كگوتاریی نێوماڵی كوردستان ده‌كات و پشتیوان و هاوكاری نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا ده‌بێـت. هه‌روه‌ها، په‌رله‌مانی كوردستان حكومه‌تی هه‌رێم راده‌سپێرێت له‌ڕێگه‌ی دۆسته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ هه‌وڵی ده‌سپێكردنی گفتوگۆو دانووستاندن بدات له‌باره‌ی مافه‌ ده‌ستووری و فیدڕالییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌. 
له‌به‌شێكی دیكه‌دا هاتووه‌، پێویسته‌ حكومه‌تی فیدڕالی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵكی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كراوه‌ پێكبهێنێت و له‌سه‌ر حكومه‌تی فیدڕالیش پێویسته‌ كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بكات. 
هه‌روه‌ها هاتووه‌: په‌رله‌مانی كوردستان پشتگیریی ته‌واوی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كوردانه‌ ده‌كات كه‌ رووبه‌ڕووی دادگا كراونه‌ته‌وه‌و هیواخوازن دادگاكان رۆڵی بێلایه‌نانه‌ی خۆیان بگێڕن. 
له‌كۆتا خاڵیشدا هاتووه‌؛ له‌حاڵه‌تی ئاماده‌نه‌بوونی حكومه‌تی فیدڕالی بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆو دانووستاندن، ئه‌وا بژارده‌ی كشانه‌وه‌ی كورد له‌پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق، بژارده‌یه‌كی كراوه‌ ده‌بێت.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

<تشرين الثاني 2017>
سأاثأخج
28293031123
45678910
11121314151617
18192021222324
2526272829301
2345678