له‌ په‌رله‌مانى كوردستان مه‌ڕاسیمێكی تایبه‌ت بۆ د.شوان قه‌ڵادزه‌یی به‌ڕێوه‌چوو

18/10/2017 09:26:00 ص
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 18/10/2017، په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری كاتیی په‌رله‌مان و نوێنه‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان‌و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ‌و  یه‌كێتیی په‌رله‌مانترانی كوردستان و بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكارى خوالێخۆشبوو و نوێنه‌ری رابه‌رى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ‌و سه‌ركردایه‌تی و كادیران و لایه‌نگرانی بزووتنه‌وه‌كه‌‌و نوێنه‌رانی حزب ‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازی له‌ ته‌رمی د.شوان قه‌ڵادزه‌یى، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیی كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان كرا.
 
 
 
له‌ مه‌ڕاسیمێكی تایبه‌تدا كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ  رێزلێنان له‌و په‌رله‌مانتاره‌  رێكی خستبوو، كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی سوره‌تی فاتیحه‌ بۆ گیانی پاكی خوالێخۆشبوو د.شوان قه‌ڵادزه‌یى و خوێندنه‌وه‌ى چه‌ند ئایه‌تێك له‌قورئانی پیرۆز ده‌ستی پێكرد، د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كردو تیایدا به‌ناوی خۆی و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشیی له‌ خۆیان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكارى خوالێخۆشبوو و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیی كوردستان كرد و رایگه‌یاند: " ئه‌مڕۆ برایه‌كی خۆشه‌ویست و ئه‌ندامێكی زۆر به‌ توانا و هزرمه‌ند و خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكی مه‌ردانه‌ و نیشتیمانپه‌روه‌رمان له‌ده‌ستدا و مه‌رگی دكتۆر شوان قه‌ڵادزه‌یی، له‌ناخه‌وه‌ خه‌مبارى كردین، ئه‌و هه‌میشه‌ ده‌نگێكی به‌رزی راستگویی و دادپه‌روه‌ری و لێبوورده‌یی و داكۆكیكار بوو بۆ مافی خه‌ڵكی كوردستان، كه‌ ده‌نگێكه‌ قه‌ت له‌ بیرناكرێته‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانی جێگه‌ی شانازییه‌ بۆ هه‌موومان وه‌ك ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان".
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌ ده‌ستدانی خوالێخۆشبووی به‌زیانێكی گه‌وره‌ بۆ په‌رله‌له‌مان و گه‌لی كوردستان له‌قه‌ڵه‌مدا و رایگه‌یاند: "له‌ده‌ستدانی دكتۆر شوان قه‌ڵادزه‌یی، به‌ڕاستی زیانێكی گه‌وره‌بوو بۆ په‌رله‌مان و گه‌لی كوردستان به‌گشتی، چونكه‌ له‌م كاته‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌دا زۆر پێویستیمان به‌توانا و چالاكی و گیانی خۆشه‌ویستی و ئه‌مه‌ك و دڵسۆزیی ئه‌م مه‌رده‌ پیاوه‌ بوو".
 
 
 
پاشان وتاری بنه‌ماڵه‌ی خوالێخۆشبوو د.شوان قه‌ڵادزه‌یی، له‌لایه‌ن سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر، خوێندرایه‌وه‌ و تیایدا وێڕای گه‌یاندنی سه‌ره‌خۆشیی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، سوپاس و پێزانینی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاند بۆ رێكخستنی ئه‌و مه‌ڕاسیمه‌ شكۆداره‌ وه‌ك رێزلێنانێك له‌ ئه‌ندامێكی كاراى په‌رله‌مانه‌كه‌ى و كار و چالاكییه‌كانی له‌ ماوه‌ى كاركردنیدا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌روه‌ها باسی له‌ ژیان و هه‌وڵ و ماندووبوونی خوالێخۆشبوو كرد له‌ خزمه‌تكردن به‌ خاك و گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌ی. 
دواتر وتاری بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیی كوردستان، له‌لایه‌ن مامۆستا كامیل مه‌حمود، خوێندرایه‌وه‌ كه‌ تیایدا به‌ناوی رابه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیی كوردستان و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیی بزووتنه‌وه‌كه‌، سوپاسی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ رێكخستنی ئه‌و مه‌ڕاسیمه‌ و كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌خه‌بات و تێكۆشان و هه‌وڵه‌كانی خوالێخۆشبوو له‌ خزمه‌تكردن به‌گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌ی خسته‌ڕوو.
 
 
 
له‌ كۆتایی مه‌ڕاسیمه‌كه‌شدا له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ تاجه‌گوڵینه‌ى رێز و وه‌فا خرایه‌ سه‌ر ته‌رمی خوالێخۆشبوو.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان