وه‌ڵامى په‌رله‌مانی كوردستان بۆ بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

01/10/2017 01:41:00 م
په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، بڕیاری ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005ى په‌رله‌مانى كوردستان، وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی و نوێنه‌رایه‌تیی سه‌روه‌ری خه‌ڵك و خاكی كوردستانی عێراق، به‌گوێره‌ی رێسا به‌ركاره‌كانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌و په‌یماننامه‌و رێككه‌وتننامانه‌ی كه‌عێراق تێیاندا ئه‌ندامه‌، یان راستاندنی بۆ كردوون و پاڵپشت به‌مادده‌كانى ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، به‌تایبه‌تی مادده‌كانی (1، 2، 4، 5، 8، 9، 47، 110، 115، 117/ یه‌كه‌م، 121)، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق چه‌ند بڕیارێكی ناده‌ستووری و نایاسایییان ده‌ركرد وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ پرۆسه‌ی ریفراندۆمی گه‌لی كوردستانی عێراق، دوای گفتوگۆكردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و پێشهات و كاردانه‌وانه‌، په‌رله‌مانى كوردستان به‌كۆى ده‌نگى ئه‌ندامانى ئاماده‌بوو له‌دانیشتنى ژماره‌ (2)ى ئاسایى رۆژى 30/9/2017 ده‌نگى له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا:
یه‌كه‌م: په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستخۆشى و پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتنى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى له‌گه‌لى كوردستان ده‌كات، كه‌ له‌پڕۆسه‌یه‌كى دیموكراسی و مه‌ده‌نیدا خواستى خۆى به‌جیهان نیشاندا به‌ پشتبه‌ستن به‌ بنه‌ماو ڕێساو یاساى نێوده‌وڵه‌تى و ده‌ستوورى عێراق. هاوكات ده‌سه‌ڵاته‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان راده‌سپێرێت بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌نجامه‌كانى ریفراندۆم كه‌ له‌ 25/9/2017 ئه‌نجامدراوه‌.
دووه‌م: په‌رله‌مانى كوردستان په‌سندو پشتگیریى ده‌قی راگه‌یه‌ندراوى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ى ژماره‌ (31) له‌ رێكه‌وتى 28/9/2017 وه‌ك به‌شێك له‌وه‌ڵامى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ بڕیاره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ده‌بێت حكومه‌ت كار به‌یاساو بڕیاره‌ به‌ركاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكات.
سێیه‌م: داوا له‌كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ین رێز له‌بڕیارى گه‌لى كوردستان بگرن سه‌باره‌ت به‌پیاده‌كردنى مافى چاره‌ى خۆنووسین، په‌رله‌مانى كوردستان وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ دڵنیاده‌كاته‌وه‌ كه‌ریفراندۆمى كوردستانى عێراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى هیچ وڵاتێك و هه‌رێم فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌ بووه‌و ده‌بێت.
چواره‌م: یاساو بڕیاره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌پێى (بڕگه‌ى دووه‌م) له‌مادده‌ى (121) له‌ده‌ستوورى عێراق و بڕیارى ژماره‌ (11)ى ساڵى 1992ى په‌رله‌مانى كوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قابیلى جێبه‌جێكردن نین له‌هه‌رێمى كوردستان تا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستان بڕیارى جێبه‌جێكردنیان پێده‌رده‌چێت. 
پێنجه‌م: په‌رله‌مانى كوردستان بڕیارى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى فیدراڵ له‌كۆبوونه‌وه‌ى ژماره‌ (23) رۆژى 27/9/2017 كه‌تایبه‌ت بوو به‌كاردانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌ناو هه‌رێم و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم ره‌تده‌كاته‌وه‌و دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ ناده‌ستووریی و نایاساییه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌: 
1ـ ئه‌وه‌ى له‌بڕگه‌ى (1) بڕیارى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌راندا هاتووه‌ به‌ته‌واوى پێچه‌وانه‌ى سیسته‌مى فیدراڵ و بنه‌ماى دیموكراسییه‌، كه‌ له‌مادده‌ى (1)ى ده‌ستووردا چه‌سپێندراوه‌و پێچه‌وانه‌ى مادده‌ى (8)ى ده‌ستووره‌ كه‌تێیدا هاتووه‌ عێراق رێز له‌پابه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى ده‌گرێت، بڕیارى گه‌لى كوردستان له‌ڕیفراندۆمى 25/9/2017 پاڵپشت بووه‌ به‌ده‌ستوورى عێراق و میساقى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هه‌ردوو په‌یماننامه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى ساڵى 1966 كه‌عێراق په‌سه‌ندى كردوون به‌یاساى ژماره‌ 193 ى ساڵى 1970.
2ـ بڕیارى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌كوردستانى عێراق له‌ 25/9/2017 پاڵپشت بووه‌ به‌ڕێساى مافى چاره‌ى خۆنووسین كه‌ڕێسایه‌كى به‌رفه‌رمانه‌ (ئامیره‌یه‌) له‌سه‌ر ئاستى یاساى نێوده‌وڵه‌تى به‌شێوه‌یه‌ك كه‌هیچ ده‌وڵه‌تێك بۆى نییه‌ دژى ئه‌و ڕێسایه‌ بوه‌ستێته‌وه‌، چ جاى ئه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق مافى چاره‌ى خۆنووسین له‌لایه‌ن هاوڵاتیانى كوردستان به‌ تاوان له‌قه‌ڵه‌م بدات و داواى به‌دواداچوونى قه‌زایی بكات بۆ ئه‌وانه‌ى له‌ پرۆسه‌كه‌دا به‌شدار بوون.
3ـ سه‌باره‌ت به‌پابه‌ندكردنى فه‌رمانده‌ى گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان بۆ بڵاوه‌پێكردنى هێزه‌ فیدراڵییه‌كان له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، پێچه‌وانه‌ى بڕگه‌ى (یه‌كه‌م)ه‌ له‌مادده‌ى (9)ى ده‌ستوور كه‌ناكرێت هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق و هێزه‌كانى ئاسایش به‌كاربهێندرێن دژى پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌مادده‌ى (140) له‌ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراق مافى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى داوه‌ به‌دانیشتوانى ئه‌و ناوچانه‌ له‌ڕێگاى ڕاپرسییه‌وه‌ نه‌ك فه‌رمانكردن به‌به‌كارهێنانى هێز بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ئه‌و ناوچانه‌و فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان سه‌رپشك ده‌كه‌ین بۆ گرتنه‌به‌رى هه‌ر رێكارێكى پێویست بۆ پاراستن و پارێزگاریكردن له‌و ناوچانه‌و به‌رقه‌راربوونى ئارامى تیایاندا. 
4ـ بڕیاره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى وزاریى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى عێراقى فیدراڵ كه‌ له‌بڕگه‌ى (3)ى بڕیاره‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ئاماژه‌ى پێدراوه‌ هیچ پابه‌ندییه‌كیان نییه‌ له‌سه‌ر كوردستانى عێراق و له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌ تایبه‌تییه‌كانى حكومه‌تى فیدراڵه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌رێمى كوردستان به‌پێى یاسای ژماره‌ (4)ى ساڵى 2011 خاوه‌نى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى خۆیه‌تى.
5ـ بڕیارى داخستنى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان له‌ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى فیدراڵ نییه‌و به‌هیچ جۆرێك له‌مادده‌ى (110)ى ده‌ستووردا ئاماژه‌ى پێنه‌دراوه‌و به‌پێى مادده‌ى (115) له‌ده‌ستوور هه‌ر بابه‌تێك كه‌ له‌چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌ تایبه‌تییه‌كانى حكومه‌تى فیدراڵدا نه‌هاتبێت، ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمه‌كانه‌.
6ـ سه‌باره‌ت به‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان كه‌ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ى سیاسه‌تى نه‌وت و گاز، ئه‌ویش له‌مادده‌ى (110)ى ده‌ستوورى عێراقى فیدراڵدا نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو له‌چوارچێوه‌ى مادده‌ى (112) چاره‌سه‌ركراوه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتى تایبه‌تیى حكومه‌تى فیدراڵى نییه‌.
7ـ سه‌باره‌ت به‌داخستنى كونسوڵخانه‌كان و نوێنه‌رایه‌تى و نووسینگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان، ئه‌و مافه‌ مافێكى ده‌ستووریی و یاسایى به‌ده‌ستهاتووه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى مۆڵه‌تى كردنه‌وه‌ى ئه‌و كونسوڵخانه‌كان و نوێنه‌رایه‌تى و نووسینگه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ به‌بێئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه‌موكوڕیى هه‌بووبێت له‌ پێوه‌رو رێنماییه‌كانى كاركردنى ئه‌م نوێنه‌راتى و نووسینگانه‌، به‌ ناڕه‌واییكردن له‌به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ژمار ده‌كرێت. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌وێـته‌ چوارچێوه‌ى یاساى گشتیى نێوده‌وڵه‌تى و به‌پێى رێككه‌وتننامه‌ى (ڤییننا) بۆ په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسى كونسوڵگه‌رییه‌كانى ساڵى 1963 كارى كونسوڵ و دیپلۆماتكاران رێكخراوه‌.
شه‌شه‌م: په‌رله‌مانى كوردستان تێكڕاى ئه‌و بڕیارانه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى یاسادانان و راپه‌راندن و دادوه‌رى عیراقى فیدراڵ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ریفراندۆم دراون.
له‌كۆتاییدا په‌رله‌مانى كوردستان له‌ڕوانگه‌ى باوه‌ڕبوونى به‌پره‌نسیپى ئاشته‌وایى نێوان گه‌لان و دراوسێیه‌تیى باش جه‌خت له‌ڕێگه‌چاره‌ى ئاشتییانه‌ بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌كان ده‌كاته‌وه‌و له‌و پێناوه‌شدا لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌رپشك ده‌كات بۆ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆى بنیاتنه‌رانه‌، هاوكات په‌رله‌مانى كوردستان داوا له‌كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و له‌دۆستانى گه‌له‌كه‌مان ده‌كات كه‌به‌نیگه‌رانیه‌وه‌ له‌بڕیاره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ بڕوانن و هه‌ڵوێستیان هه‌بێ بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌یان، چونكه‌ له‌ڕوانگه‌ى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ ئه‌و بڕیارانه‌ سزاى به‌كۆمه‌ڵى خه‌ڵكى كوردستانه‌و دژى گه‌لى كوردستانه‌ به‌هه‌موو پێكهاته‌كانى، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى مه‌رجه‌عى باڵا به‌ڕێز (ئایه‌توڵا سیستانى) بۆ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆو چاره‌سه‌رى ئاشتییانه‌ى كێشه‌كان به‌رزده‌نرخێنێت و پێشوازى ده‌كات له‌هه‌ر هه‌وڵێكى نێوده‌وڵه‌تى یان كه‌سى بۆ ده‌ستپێكردنى دانووستان و گفتوگۆ. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان