جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان: په‌رله‌مان و حكومه‌ت له‌هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسى مووچه‌
په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ ژماره‌یه‌ك یاسا ده‌كات و لیژنه‌كانیش ده‌ستبه‌كار ده‌بنه‌وه‌

23/09/2017 11:51:00 ص
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، 23/9/2017، په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی سكرتێری كاتیی په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (1)ی ئاساییی خولى پایزه‌، ساڵى چواره‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌دوو خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاسای راگرتنی كاركردن به‌یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ 9ی ساڵی 2008ی هه‌رێم و پڕۆژه‌ یاسای درێژكردنه‌وه‌ی كاركردن به‌یاسای تیرۆر ژماره‌ 3ی ساڵی 2003ی هه‌رێم و خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش تایبه‌تبوو به‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار.
به‌ر له‌خستنه‌ڕووی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مان بۆ لابردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ رایگه‌یاند: "له‌رۆژی 20/9/2017 كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باڵا له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌ت به‌ڕێوه‌چوو، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ درستبوو كه‌جارێ حكومه‌ت ئاماده‌نییه‌ بۆئه‌وه‌ى بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بدات و دیاره‌ ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌وان به‌رده‌وامن هه‌م له‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ و هه‌م له‌به‌دیهێنانی سیسته‌مێكی باشتر بۆ مووچه‌و هه‌روه‌ها هه‌ردوو لایه‌ن گه‌یشتینه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم كاربكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێك و سیستمێك بۆ لابردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌و بڕیاردرا لیژنه‌كانی دارایی و كاروباری ئابوورى و وه‌به‌رهێنان و بازرگانی و ده‌ستپاكی و كاروباری یاسایی و پیشه‌سازی و وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان، هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن له‌باره‌ی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی ئابووری و دارایی حكومه‌تی هه‌رێم". 
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان وتیشی: "هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردا، دوای ته‌واوبوونی كاری لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و ئاماده‌كارییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا، له‌دانیشتنێكی تایبه‌تدا رێگه‌چاره‌و پێشنیازه‌كان له‌باره‌ی لابردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ رێكده‌خرێت".
دواتر له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاوباری یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م به‌جیا بۆ هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاسای راگرتنی كاركردن به‌یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره‌ ژماره‌ 9ی ساڵی 2008ی هه‌رێم و پڕۆژه‌ یاسای درێژكردنه‌وه‌ی كاركردن به‌یاسای تیرۆر ژماره‌ 3ی ساڵی 2003ی هه‌رێم كراو له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كران بۆ گرتنه‌به‌ری رێككاره‌ یاساییه‌كانیان.
خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش تایبه‌تبوو به‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتارو دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سێ په‌رله‌مانتار به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌، داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی هه‌ردوو په‌رله‌مانتار عمر ساڵح عمر و په‌رله‌مانتار حاجی كاروان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ره‌تكرانه‌وه‌و داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار به‌یار تاهیر سه‌عید به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
 
 
دوای ته‌واوبوونی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كار، سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌به‌ر له‌ 24 كاتژمێر له‌كاتی دیاریكراو بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌كه‌، پێشنیازی ژماره‌یه‌ك فراكسیۆنی پێگه‌یشت بۆ خوێندنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی فراكسیۆنه‌كانیان له‌باره‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌وه‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئه‌و خاڵه‌ش بۆ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ زیادكراو له‌لایه‌ن هه‌رسێ فراكسیۆنه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و یه‌كگرتووه‌وه‌ پێشنیازو بیرۆكه‌كان خوێندرانه‌وه‌و تێیدا داوای لابردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌یان كردو سیسته‌مه‌كه‌شیان به‌نایاسایی له‌قه‌ڵه‌مداو داوای دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی سندوقی داهاته‌ نه‌وتییه‌كانیش كرا.
دواتر ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار داوایانكرد له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بانگهێشتی حكومه‌تی هه‌رێم بكرێت له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی لابردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌و داواشكرا لیژنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌ستبه‌كار بكه‌نه‌وه‌. 
له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه‌ رایگه‌یاند: "ئاماده‌كاری ده‌كه‌ین بۆ رێكخستنی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌باره‌ی پرسی لابردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌و دوای ته‌واوبوونی كاری لیژنه‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌ت، دانیشتنێكی تایبه‌ت به‌و پرسه‌ به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی حكومه‌ت رێكده‌خه‌ین".

رۆژمێرى رووداوه‌كان