جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە شاندێكی هاوبەندی جیهانیی ئیسلامی دەكات

01/08/2017 02:55:00 م

ئەمڕۆ سێشەممە 1/8/2017 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی هاوبەندی جیهانیی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی دكتۆر سەعەد ئەلشهرانی ئەمینداری گشتیی دەستەی زانایانی موسڵمان لە هاوبەندەكە كرد.

لە دیدارێكدا، بە ئامادەبوونی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی ئەوقاف لە پەلەمانی كوردستان و ژمارەیەكی تری ئەندامانی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ئەم شاندە دەربڕی و بە سەردانێكی ئۆمێدبەخش وەسفكرد و پەسنی رۆڵی هاوبەندی جیهانیی ئیسلامی  كرد لە یارمەتیدانی گەلی كوردستان و هیوای خواست ئەم پەیوەندییانە بەهێزتر ببنەوە لەپێناو زیاتر یارمەتیدانی لێقەوماوان و ئاوارەكان. لە لایەكی ترەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان پۆختەیەكی دەربارەی رەوشی هەرێمی كوردستان و ئەو تەحەدیاتانەی كە رووبەڕوویان دەبێتەوە و هەنگاوەكانی بەرەپێشچوون بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی  و زامنكردنی مافی رەوای گەلی كوردستان و هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەكان لە رێگای گفتوگۆ و دایالۆگ خستەڕوو.

لە لایەن خۆشیانەوە ئەندامانی شاندی هاوبەندی جیهانیی ئیسلامی ستایشی هەوڵەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و چەسپاندی گیانی پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبووردەیی و هیوای سەركەوتنیان بۆ گەلی كوردستان خواست .

لە كۆتایی دیدارەكەشدا، شاندی هاوبەندی جیهانیی ئیسلامی لۆگۆی هاوبەندەكە وەكو دیاری پێشكەش بە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لە لای خۆشیەوە دكتۆر جەعفەر ئێمینكی لۆگۆی پەرلەمانی كوردستان پێشەكش بە  شاندی هاوبەندی جیهانیی ئیسلامی كرد.

 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ