پەیامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە یادی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان

04/06/2017 08:11:00 ص

لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ، لە 4/6/1992 دا و دوای چەند رۆژێك لە یەكەمین هەڵبژاردنی ئازاددا، پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكەمین جار كۆبووەو دەستی بە راپەڕاندنی كارەكانی خۆی كرد.

لە یادی ئەم رۆژەدا، كە بە دەستكەوتێكی گرنگی نەتەوەیی لە دیرۆكی هاوچەرخی گەلەكەماندا هەژماردەكرێت، گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەین، كە بە پشتیوانی هەموو پێكهاتەكانی و خەمخۆری نوێنەرەكانیان، پەرلەمانی كوردستان توانی بەردەوامی بە رێڕەوی دیموكراسی و كاری پەرلەمانی بدات و بەدەیان یاسا و بڕیاری گرنگ و چارەنووسساز دەربچوێنێت كە ئەمرۆ بوونەتە جێی شانازی بۆ گەلەكەمان.

ئەزموونی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان، لە سۆنگەی بڕوابوونی پەرلەمانتاران بە دۆزی رەوای گەلەگەمان و بنەماكانی دیموكراسی و یەكترقەبووڵكردن، سەركەوتنێكی بەرچاوی تۆماركرد و هەر ئەم ئەزموونەش بوو بە یەكێك لە فاكتەرە بەهێزەكان بۆ واڵابوونی دەرگاكانی جیهانی ئازاد بەردەم گەلی كوردستان و بەدەستهێنانی دەستكەوتی گەورەتر لەسەر ئاستەكانی سیاسی و دبلوماسی و نێودەوڵەتیكردنی كێشەی گەلەكەمان و پێناسەكردنی ئەو هەموو نەهامەتی و مەینەت و جینۆساید كە لە ئەنجامی سیاسەتە چەوتەكانی زلهێزەكان و دكتاتۆرەكان دووچاریبوو.

ئەمڕۆش گەلی كوردستان گەیشتووەتە قۆناغێكی یەكلاییكەر بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی و لە بەردەم ئەزموونێكی تازەی بەرەنگاربوونی ئاستەنگ و قەیرانەكاندایە،  ئەمەش پێویستی بە یەكدەنگی و هیممەت و ئازایەتی و بڕیاری سیاسی ژیرانە و تەندروستە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ گەیشتن بە ئامانجی چاوەڕوانكراو.

دووبارە پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەین و سەری رێز و نوازشیش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە ژیاندا نەماون، دادەنوێنین .

 

 

 

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

4/6/2017


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ