جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پیرۆزبایی لە كرێكارانی كوردستان دەكات

30/04/2017 08:40:00 م

بەبۆنەی یەكی ئایار، جەژنی جیهانیی كرێكاران، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی سەرجەم كرێكارانی كوردستان دەكەین و ئۆمێدەوارین ئەم رۆژە، كە هێمای دەربڕینە لە یەكسانی، ببێتە مایەی زیاتر بەرگریكردن لە كرێكاران و مافەكانی ئەم چینە كاریگەرە، كە ڕۆڵێكی گرنگی گێڕاوە لە قۆناغەكانی خەباتی گەلی كوردستان دژی چەوسانەوەو رژێمە دكتاتۆرییەكان.

ئەمڕۆش كرێكارانی كوردستان ئازادانە لە نێو سەندیكا و رێكخراوەكانی خۆیاندا كار بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكانیان دەكەن و بە شانازییەوە پشكی شێریان بەبەركەوتووە لە ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی ئابووریی وڵاتەكەماندا. پەرلەمانی كوردستانیش، درێغی نەكردووە لە هەوڵەكانی بۆ بەیاساكردنی ماف و داواكارییەكانیان، بۆ نموونە ( یاسای ژمارە 2 ی ساڵی 2011 یاسای سەندووقی پشتیوانی بڕۆژە بچووكەكانی لاوان لە هەرێمی كوردستان و یاسای ژمارە 4 ی ساڵی 2012 هەمواركردنی یاسای پیادەكردنی یاسای خانەنشینی و بیمەی كۆمەڵایەتی كرێكاران ژمارە 39 ی ساڵی 1971 ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان.

بەم بۆنەیەوە، داوا لە سەرجەم دەزگاكانی هەرێم و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەین پشتیوانی لە مافەكانی كرێكاران بكەن و بەردەوامبن لەسەر كولتووری رێزگرتن لە پێگە و كاریگەرییان لە كۆمەڵگەدا و كار بۆ باشتركردنی گوزەرانیان بكرێت لە رێگەی فەراهەمكردنی زیاتری دەرفەتی كار و دابینكردنی بیمەی تەندروستی.

دووبارە، بەرز و پیرۆزبێت جەژنی جیهانیی كرێكاران.

 

 

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ