لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "صوت الأمة" ی میسری
جێگری سەرۆكی پەرلەمان: هیچ رێگرو كێشەیەكی یاسایی لە ئارادا نییە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی

12/04/2017 04:21:00 م

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان ڕەگ و بنەمای یاسایی و دەستووری خۆی هەیە و دەستووری هەمیشەیی عیراقیش رێگەمان پێدەردرێت بۆ ئەنجامدانی گشتپرسیی و راگەیاندنی دەوڵەت لە حاڵەتی پێگیرینەكردن بە بەندەكانی ئەم دەستوورەو ئێستا  هیچ رێگرو كێشەیەكی یاسایی لە ئارادا نییە بۆ ئەنجامدانی و خەڵكی هەرێمی كوردستان بڕیار دەدات و پێگیری بە هەر ئەنجامێكی ئەم گشتپرسییە دەكرێت.     

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "صوت الأمة" ی میسری، كە ئەمڕۆ 12/4/2017  لە لایەن رۆژنامەنووسی میسری" السید عبدالفتاح" ی سەرۆكی سەنتەری قاهیرە بۆ دیراساتی كوردی لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامیدا، دكتۆر جەعفەر ئێمینكی تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی پێشووی سەركردایەتی سیاسی و پەرلەمان و خەڵكی كوردستان دەربارەی بودیاتنانی عێراقێكی دیمۆكراتی و ئەكتیڤكردنی ماددەی 140 دەستووری عیراق و وتی" لە رابردوویەكی نزیكدا قوربانیمان بە سەربەخۆیش دا لە پێناو عێراقێكی دیمۆكراتیدا، بەڵام حكوومەتەكانی عیراق پێگیرییان بە دەستوور نەكردەوە و بەندەكانی پێشێلكرد و كۆسپ و تەگەرەیان بەردەم پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دروستكرد تا گەیشتە ڕادەی هەوڵدان بۆ برسیكردنی خەڵكی ئەم هەرێمە، ئەمەش وایكرد كە خەڵكی كوردستان رێگایەكی تر بە پێی ماف و یاساكان بۆ خۆی بدۆزێتەوە.     

سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانی و كۆدەنگی لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند: دانوستان لە نێوان هێزەكانی سیاسی كوردستان بەردەوامن و هەموویان كۆدەنگن كە گشتپرسی مافێكی دەستووریی بەدەستهێنراوە و ڕا و بۆچوونیش زیاتر لە سەر جۆر و چۆنیەتی و ئەولەوییاتەكانە بۆ ئەنجامدانی.

دەربارەی كاتی ئەنجامدانی گشتپرسییەكە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند" دوای تاوتوێكردن و دیراسەتكردن لەلایەن هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكان و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، كاتەكە دەستنیشاندەكرێت و میكانیزمەكانی ئەنجامدانیش پێویستیی بە سیستەمێكە كە لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە دەردەچوێنرێت و هیچ كێشەیەكی یاسایی لە ئارادا نییە.      


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ