جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی رۆمانیا لە هەرێم دەكات

08/03/2017 02:55:00 م

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 8/3/2017، دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە ئەندرێ ستانێسكۆ، كونسوڵی گشتیی وڵاتی رۆمانیا لەهەرێمی كوردستان و سیلڤیۆ گراماتیكۆ راوێژكاری ئابووری لە وەزارەتی ئابووریی رۆمانیا كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان باسی رەوشی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی كرد و جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی هەرێم و عێراق بەشێوەیەكی ئاشتیانە و بەپێی دەستوور كردەوە.

هەروەها ئاماژەی بە هاتنی رێژەیەكی زۆری ئاوارە بۆ هەرێمی كوردستان كرد كە بەهۆی شەڕی داعش و خراپیی رەوشی ئەمنییەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، كە قورساییەكی زۆری خستۆتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و داوایكرد هاوكاری و یارمەتیی ئاوارەكان بكرێت و دڵینای پاراستنیان بكرێتەوە لەلایەن كومەڵگەی نێودەوڵەتی بۆئەوەی جارێكی تر تووشی ئاوارەیی نەبنەوە.

لەلایەن خۆیەوە، كونسوڵی گشتیی رۆمانیا لە هەرێمی كوردستان، كورتەیەكی سەبارەت بە كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان خستە روو، كە لە ئێستادا دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابوورییەوە بەرەوپێش ببەن، بۆ ئەو مەبەستەش بانگهێشتی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانی بۆ بەشداریكردن لە دیداری ئابووریی رۆمانیایی –عێراقی كرد كە لە هاوینی 2017 لەبوخارست بەڕێوەدەچێت، هەروەها ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان نیشاندا لە هەموو بوارەكاندا.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا كونسوڵی گشتیی رۆمانیا بانگهێشتی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ سەردانیكردنی وڵاتی رۆمانیا.


رۆژمێرى رووداوه‌كان