پەیامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا

05/03/2017 04:53:00 ص

بەبۆنەی 26 مین ساڵیادی ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی 5ی ئاداری 1991 ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادە سەربەرزەكانی شەهیدان و قوربانییانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی كوردستان وپێشمەرگە قارەمانەكان و جەماوەری گەلی كوردستان بەگشتی و جەماوەری شاری "رانیە"ی دەروازەی ڕاپەڕین بەتایبەتی دەكەین.

   ڕاپەڕینی بەهاری 1991 خاڵێكی وەرچەرخان و پر وانەی پڕشنگدار بوو لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەماندا. ڕاپەڕین بەرهەمی هزری نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی كوردستان و قبووڵنەكردنی زوڵم وستەم و دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعس بوو. ڕاپەڕین ئەو راستییەی سەلماند كە تەنها بە یەكڕیزی دەتوانرێت گەورەترین سەركەوتن تۆماربكرێت و بووە هەوێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 دا و دامەزرادنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان.

   ئەمڕۆش ئەم بۆنە پیرۆزە لە كاتێكدا یاددەكەینەوە كە ناوچەكەمان بەگشتی  گۆڕانكاری گەورە بەخووەوە دەبێنێت و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە جەنگی دژی تیرۆردا پێگەی میللەتەكەمانی زیاتر بەهێزكرد و لە ئامانج و هیوا و ئاواتە نەتەوەییە چاوەروانكراوەكەی نزیكتر كردووەتەوە. ئۆمێدەوارین  گیانی لێبووردەیی و پێكەوەژیان و ئاشتی و بەها و وانەكانی راپەڕینی 1991 بكرێنە هەوێنی تەبایی و یەكڕیزی و خۆراگری و پاراستی دەستكەوتەكان و مافە رەوایەكانی گەلەكەمان و تێپەڕاندنی قۆناغەكە و زاڵبوون بەسەر قەیرانەكاندا.

   لەم یادەدا، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان دادەنوێنین وسڵاو بۆ پێشمرگە قارەمانەكان و سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان .

 

 

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

5/3/2017


رۆژمێرى رووداوه‌كان