بەرێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و كادیرانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان
بەرێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و كادیرانی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان
لە بیرەوەری " 64 " ەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەرێز و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی هەردوو رێكخراوە تێكۆشەرەكەتان دەكەین.
بێگۆمان، دامەزراندنی ئەم هەردوو رێكخراوە لە ساڵی 1953 دا بۆ حیكمەت و بیرتیژی بارزانی نەمر دەگەرێتەوە، وەك زەروورەتێكی میژوویی لە پێناو كۆكردنەوەی قوتابیان و لاوان و پەرەپێدانی كاری رێكخراوەییدا.
خەبات و قوربانیدان وگیانفیدایی نەپساوی قوتابیان وەك سەری رم و لاوانیش وەك شوورەی پۆڵایین لە سەنگەرەكانی كوردایەتیدا، بە پیتی زێرین لە مێژووی بزافی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا تۆماركراوە.
مایەی شانازیشە ئەو دوو رێكخراوە بەسەدان سەركردە و كادیری ژیر و بەتوانا پێگەیاندووە، هەروەها رۆلێكی كاریگەر و راستەوخۆشی بینیوە لە داڕشتنی سیاسەت و بەرێوەبردندا.
پەرلەمانی كوردستانیش لەسۆنگەی بروای بەمافە پیشەیی و دیموكراسییەكانی خەباتی رێكخراوەیی بەگشتی و قوتابیان و لاوان بەتایبەتی، لەدانیشتنی 19/9/1999 دا بڕیاری ژمارە (10)ی پەسەندكرد، كە رۆژی 18ی شوباتی هەموو سالێكی بە رۆژی قوتابیان و لاوان ناوزەدكرد.
ئەمرۆش كە ساڵیادی دامەزراندنی ئەم دوو رێكخراوە بەرز رادەگرین، دیارە هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی تر دەڕوات و ناوچەكە بەگشتی لەهەلومەرجێكی سەخت و هەستیاردا تێدەپەرێت، بەتایبەتیش كە هێزی پێشمەرگە لەبڕی جیهانی ئازاد و دیموكراتدا سەركەوتنێكی گەورەیان لە جەنگی دژی تیرۆریستانی داعشدا تۆماركرد و هەردوو رێكخراوە تێكۆشەرەكەتان رۆڵێكی یەكجار زۆریان بینی لەم سەركەوتنەدا، كە جێگەی رێز و شانازی میللەتەكەمان و سەرجەم جیهانی ئازادە، هەروەها خەباتی ئێوەی خۆشەویست لە ئاست هەموو بەرپرسیاریەتییەكاندا دیار و بەرچاوە.
جارێكی تر پیرۆزباییتان لێدەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان