ئەمڕۆ چوارشەممە 28/12/2016 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە "ئاوات عەلی" بەرێوەبەری كەناڵی تلیفزیۆنی NRT و بەرێوەبەرانی دەنگوباس و بەرنامەكان و بەرپرسی نووسینگەی هەولێری كەناڵە كرد.
لە دیدارێكدا، بە ئامادەبوونی پەرلەمانتار فەرحان جەوهەر سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان، تیشك خرایە سەر رۆلی كاریگەری راگەیاندن لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگا بەرەو رێرەوێكی نیشتیمانی راستەقینەو هێوركرنی رەوشی نالەبار و وەك فاكتەرێكی بونیادنەری بێلایەن لەپێناو بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسی و زاڵبوون بەسەر قەیرانەكان.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان جەختی لەسەر گرینگی هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و راگەیاندن بە گشتی كرد بۆ دەستنیشانكردنی خاڵەلاوازەكان و دۆزینەوەی رێگەچارەی تەندروست بۆ كێشەكان وەك دوو دەستهەڵاتی كاریگەر بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و جێبەجێكردنی ویست و خواستیان و چەسپاندی گیانی خۆشەویستیی نیشتیمان و ئاشتی و پێكەوەژیان و دەربازبوون بەرەو قۆناغی وەدیهێنانی ئاماجە گەورەكەی گەلەكەمان و هیوای خواست راگەیاندنی كوردی هەمیشە لە ئاست هیوا و ئۆمێدەكانی گەلی كوردستان بن بە هەموو پێكهاتە و چین و توێژەكانیانەوە بەبێ جیاوازی .
لە لایەن خۆشیەوە بەرێوەبەری كەناڵی تلیفزیۆنی NRT چەند تەوەرێكی پەیوەست بە كاری راگەیاندن و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكان لە كوردستان باسكرد و پیرۆزباهیشی لە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاران كرد بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینییەوە.