هاورده‌كردنی گه‌نم بۆ هه‌رێمی كوردستان تاووتوێ كرا

22/02/2016 11:53:00 ص
به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ هاورده‌كردنی گه‌نم له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ‌و رێگه‌گرتن لێی، سه‌عات 9ی سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 2016/2/22، لیژنه‌ی كشتوكاڵ ‌و ئاژه‌ڵداری ‌و ئاودێری ‌و به‌نداوه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی مامۆستا غه‌ریب پێنجوینی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵى لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، میوانداریی نوێنه‌رانی هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی بازرگانی ‌و كشتوكاڵی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ پێكهاتبوو له‌ د.عه‌لی سندی وه‌زیری بازرگانیی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان به‌ وه‌كاله‌ت ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی وه‌زاره‌ته‌كه‌ ‌و به‌ڕێوه‌به‌ری سایلۆی هه‌ولێر ‌و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پلاندانان ‌و به‌دواداچوون له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ هاورده‌كردنی سه‌دان ته‌ن گه‌نم له‌ سنوورى پارێزگای دهۆك كرا كه‌ له‌ هه‌ندێك عه‌مباردا خه‌زنكراون كه‌ له‌ پێشتردا ئاماده‌سازیی بۆ كرابوو كه‌ ته‌سلیم به‌ سایلۆكان بكرێن.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ شاندی میوان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ گه‌نمی پار كێشه‌ی نه‌بووه‌، هه‌مووی هی ناوخۆ بووه‌  ‌و وه‌ك وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ-یش رێگه‌یان نه‌داوه‌ گه‌نم هاورده‌ بكرێت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریشیان پێویسته‌ كۆنترۆلكردنی سایلۆكان ‌و پاراستنی مافی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستانه‌، هه‌روه‌ك ئاماژه‌یان به‌وه‌دا ئه‌وه‌ی بیستوویانه‌ ئه‌و گه‌نمه‌ی هاورده‌ ده‌كرێت بۆ باشوورى عیراق ده‌چێت.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێت ‌و رێگرى له‌ هاورده‌كردنی گه‌نم بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان بكرێت.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ داوایان له‌ وه‌زیری بازرگانی به‌ وه‌كاله‌ت كرد سه‌ردانی به‌غدا بكات ‌و هه‌ردوولا به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌دا بكه‌ن،  هه‌روه‌ها لیژنه‌كه‌ نووسراوێكیشی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرد بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌دیداره‌كانى بكه‌ن بۆ رێگه‌گرتن له‌ هاورده‌كردنى گه‌نم بۆ هه‌رێمی كوردستان.

رۆژمێرى رووداوه‌كان