روونکردنەوەیەک لە دیوانی پەرلەمانى کوردستانەوە

07/01/2016 01:22:00 م

بەداخەوە پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان بەرێز علی حەمە صاڵح بێ ئەوەی سەردانی دیوان بکات و داوای زانیاری راست و دروست بکات. هەواڵێکی ناراست و بێ بنەمای بڵاوکردۆتەوە بەپشت بەستن بە پسولەیەکی تەزویر کراو کە گوایە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دوو ئۆتۆمبیلی لەسەر حسابی پەرلەمان بۆ خۆی کڕیوە.

ئێمە وەکو دیوانی پەرلەمانی کوردستان سەرلەبەری ئەم هەواڵە و پسولە تەزویرەکەش بەدرۆ دەخەینەوەو پێمان سەیرە کەسێک لەئاستی ئەندام پەرلەمان بێ بەبێ ئەوەی لەنزیکەوە داوای زانیاری راست و دروست بکات بەم شێوەیە و بەهۆی هەر مەرامێک بێ زانیاری ناراست بەهاووڵاتیان و رای گشتی بدات.

لەجێی خۆیدایە راستی بابەتی کڕینی ئوتومبیلەکان بۆ دیوانی پەرلەمان نەوەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان بخەینە روو چونکە هیچ ئوتومبیلێک بەناوی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نەکڕدراوە

بەپێی نوسراوێک کە لە ١٥/٩/٢٠١٥ لەلایەن بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و گواستنەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمان بەرزکراوەتەوە لە١٧/٩/٢٠١٥ بەرێز یوسف محمد ئیمزای کردوەو داوا دەکات بەپێی یاساو رێنماییەکان جێبەجێ بکرێ داوا لەبەرێزیان کراوە چەند ئوتومبیلێکی پەرلەمان کە دەمێکە کاریان پێکراوەو خەرجی چاککردنەوەیان زۆر لەسەر پەرلەمان دەکەوێ بفرۆشرێ و لەبری ئەوە ‌چوار ئوتومبیلی پاص و دوو ئوتومبیلی تر بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی دیوان بکڕێت لەسەر ئەم داوایە رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان وەرگیراوە بەڵآم بەهۆی قەیرانی دارایی ئێمە لەدیوانی پەرلەمان بە پێویستمان زانی دوو ئوتومبیل بەپێی پسولەی یاسایی بۆ پەرلەمانی کوردستان بکڕین نەوەک بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هاوکات لەگەڵ ئەم روونکردنەوەیە نوسراوەکەو رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و پسولەی یاسایی کڕینی ئوتومبیل لەلایەن پەرلەمانی کوردستان بۆ رای گشتی و هاووڵآتیانی کوردستان بڵاودەکەینەوەو دووپاتی دەکەینەوە دەبوا ناوبراو سەردانی ئێمەی کردبا بەتایبەتیش کە دەوامی ئاسایی خۆی دەکات و هیچ رێگریەک نیە لەوەی بێت و لەنزیکەوە داوای راستی و دروستی بەڵگەکانی بکردایە و هەمیشە ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاریەکی پەرلەمانتارانین.

 

 

                                                دیوانی پەرلەمانی کوردستان

 

                                                          ٧/١/٢٠١٦


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ