پرسی جینۆسایدی کوردستان و ژنانی ئێزدی دەبرێتە پەرلەمان و حکومەتی بولگاریا

22/11/2015 07:05:00 ص
لە میانەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ وڵاتی بولگاریا، وەفدێکی پەرلەمانی کوردستان پرسی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کوردستان و کەیسی ژنانی ئێزدی و دروستکردنی پەیوەندیی نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی بولغاریا تاووتوێ کرا . 
لە رۆژانی ١٧ بۆ 2015/11/22، وەفدێکی لیژنەی کۆمەڵی مەدەنی لە پەرلەمانی کوردستان، سەردانی وڵاتی بولگاریای کرد بە مەبەستی گەیاندنی پرسی جینۆسایدی گەلی کوردستان و ژنانی ئێزدی و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ھەردوولادا.
 
  
لەو سەردانەدا دیدار لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان (ئیڤان ئیڤانۆڤ) و گرووپی پشتیوانی لە گەلانی عیراق لە پەرلەمانی بولغاریا كرا، کە پێکھاتبوون لە چەند ئەندام پەرلەمانێک لە فراکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەی فێرکردن و کۆمەڵی مەدەنی ( میلینا نێدیڤا) و سکرتێری سەرۆکی وڵاتی بولگاریا بۆ کاروباری کەلتوور و کۆمەڵی مەدەنی (رۆمیانا کۆلارۆفا) و نوێنەری ھەر چوار پارتی سەرەکی لە پەرلەمانی بولغاریا ( پارتی دیموکراتی بولگاریا و پارتی سۆشیالیستی بولگاریا و بزوتنەوەی ماف و ئازادییەکان و پارتی لیبراڵی بولگاریا)، وەفدەکەی پەرلەمانیش پێکھاتبوو لە سالار مەحمود سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵی مەدەنی و پەروا عەلی جێگرىسەرۆکی لیژنە و د. محەمەد عەلی یاسین و ئێڤار ئیبراھیم و کەمال یەڵدا ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و شەوبۆ شاڵی لە سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان، ھەروەھا جێگری بەرپرسی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستان و چالاکوانی مەدەنی ھۆگر چەتۆ یاوەریی وەفدەکەی پەرلەمان بوون. 
 
پرۆگرامەکان بۆ شاندی بەشداربوو لەلایەن ئاژانسی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان undp لە چوارچێوەی پرۆگرامی ( بەشداری لە حوکمڕانیی باش) رێکخرابوو، کە تیایدا پرسەکانی چۆنێتی بە یەکەوە ژیانی ئاشتییانەی پێکھاتەکانی کۆمەڵگا لە قۆناغی راگواستن بۆ دیموکراسی و رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لەم نێوەندەدا. 
شایانی باسە شاندی پەرلەمانی کوردستان لە پرسی ھاوکاریی نێوان ھەردوو پەرلەمان  لە بوارەکانی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کوردستان و ژنانی ئێزدی و پرسی پەرەپێدانی کەرتەکانی خوێندن و تەندروستی و گەشتوگوزار و گرنگیی کردنەوەی کونسوڵخانەی بولگاریا لە کوردستان تاووتوێ کرا.
 
 
  

رۆژمێرى رووداوه‌كان