سەرۆکی پەرلەمان هێزی پێشمەرگە لە جەلەولا بەسەردەکاتەوە

02/10/2015 08:47:00 ص
لەمیانەی بەسەرکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شارۆچکەی جەلەولا، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت "پێشمەرگە سیمبولی ئازایەتی و قوربانی گەلی کوردە، پێشمەرگە مافی بەسەر هەمومانەوە هەیە و شایەنی ئەوەیە ژیانێکی شەرەفمەندانەیان بۆ دابین بکرێت.
ڕۆژی ٥ شەممە، ١-١٠-٢٠١٥ لە میانەی سەردانێکیدا بۆ شاری جەلەولا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەیاوەری سکرتێری پەرلەمان و چەند پەرلەمانتار و بەرپرسی ئیدارەی گەرمیان، هێزی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکانی پێشمەرگەی لە شاری جەلەولا بەسەرکردەوەو دەستخۆشی سەرکەوتنی بەسەر تیرۆرستانی داعشدا لێکردن.
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، لە ناو شاری جەلەولا، سەرۆکی پەرلەمان وتی "دەبێت بەزووترین کات هاوڵاتیان بگەڕێنەوە بۆ شاری جەلەولا و ئەرکی حکومەتیشە بە زووترین کات خزمەتگوزارییەکان بۆ جەلەلا دابین بکات، چونکە ئەم شارە کوردستانییە، بەداخەوە ماوەی چەندین ساڵە لەژێر چەپۆکی بە عەرەبکردندا بووە، بەڵام دوای ئازادکردنی ناسنامەی کوردستانی بۆ گەڕاوەتەوە.
لەبارەی ئامانجی بەسەرکردنەوەی ئەو شارە، سەرۆکی پەرلەمان وتی "هاتنی ئێمە بۆ جەلەولا بۆ پشتیوانی برا پێشمەرگەکانمانە و پەیامێکیشە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئەم شارە کوردستانییە و دەبێت بە زووترین کات دەستی ئاوەدانی بۆ درێژ بکرێت."
لە بەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان، وتی "چۆن ئێستا سەردانی ئەم شارەمان کردووە، هیوادارین ڕۆژێک بێت شەنگال ئازاد بکرێت و سەردانی کۆبانێ و شەنگالیش بکەین.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان