مادده‌ و بڕگه‌كانی به‌شی چواره‌می په‌یڕه‌وی نوێی په‌رله‌مان گفتوگۆی له‌سه‌ركرا

21/09/2015 02:16:00 م
گفتوگۆكانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر مادده‌ و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ به‌رده‌وامیی هه‌یه‌. سه‌عات 10:30ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/9/21، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ‌و ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنى ژماره‌ (4)ى ئاساییی خولى پاییزه‌، ساڵی دووه‌م له‌ خولــی چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو. 
 سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌، كه‌ بریتی بوو له‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر گفتوگۆكردنى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى كاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئاماده‌كرابوو، به‌پێى بڕیارى ژماره‌ (26)ى ساڵى 2014 و بڕگه‌ى (8) له‌ مادده‌ى (په‌نجا و شه‌شه‌م)ى یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992 هه‌مواركراو و پاڵپشت به‌ مادده‌ى (94)ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو. 
  
 
له‌ده‌سپێكی دانیشتنه‌كه‌دا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ لیژنه‌ی كاتی په‌یڕه‌وی ناوخۆ كرد مادده‌ و بڕگه‌كانی به‌شی چواره‌می پڕۆژه‌كه‌ بخوێننه‌وه‌ تاوه‌كو په‌رله‌مانتاران تێبینی و بۆچوونه‌كانیان له‌باره‌وه‌ بخه‌نه‌ روو. ئه‌و به‌شه‌ی پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، له‌ وحه‌فت مادده‌ پێكهاتووه‌ و له‌ مادده‌ی بیست و یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌ ماده‌ی بیست و حه‌فته‌م كۆتایی دێت. ناوه‌ڕۆكی مادده‌كانی به‌شه‌كه‌ش، دروستیی ئه‌ندامییه‌تی و ماف و ئه‌رك و له‌ ده‌ستدان و حه‌سانه‌ی په‌رله‌مانتاریی له‌خۆ گرتووه‌.
دوای خوێندنه‌وه‌ی مادده‌كانی به‌شه‌كه‌، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاتیی په‌یڕه‌وی ناوخۆ و په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ركرا. بڕیاریشه‌ له‌ دانیشتنه‌كانی داهاتوودا ده‌نگدانی كۆتایی له‌سه‌ر مادده‌ به‌ مادده‌ی به‌شه‌كه‌ و رای په‌رله‌مانتاران بكرێت.
 دوای ته‌واوكردنی گفتوگۆكانی به‌شی چواره‌می پڕۆژه‌كه‌ش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا. 

 

رۆژمێرى رووداوه‌كان