مادده‌ی یه‌كه‌می په‌یره‌وی نوێی په‌رله‌مان په‌سند ده‌كرێت و هه‌شت مادده‌ی دیكه‌ش گفتوگۆی له‌سه‌ركرا

16/09/2015 10:41:00 م
سه‌عات 02:30ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/9/16، به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره‌ (2)ى ئاساییی خولى پاییزه‌، تایبه‌ت به‌ گفتوگۆكردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ستیپێكرده‌وه‌، به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ تایبه‌تبوو به‌ به‌رده‌وامیدان به‌ گفتوگۆكانى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى كاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئاماده‌كرابوو، به‌پێى بڕیارى ژماره‌ (26)ى ساڵى 2014 و بڕگه‌ى (8) له‌ مادده‌ى (په‌نجا و شه‌شه‌م)ى یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992 هه‌مواركراو و پاڵپشت به‌ مادده‌ى (94)ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو. 
 
 
له‌ده‌سپێكی دانیشتنه‌كه‌دا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ لیژنه‌ی كاتیی په‌یره‌وی ناوخۆ كرد، مادده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه‌ له‌ به‌شی یه‌كه‌م بخه‌نه‌روو. مادده‌كه‌ تایبه‌تبوو به‌ پێناسه‌ی ده‌سته‌واژه‌ و زاراوه‌ به‌كارهاتووه‌كانی ناو پڕِۆژه‌كه‌ و له‌ 13 بڕگه‌ پێكهاتبوو، دوای گفتوگۆكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ هه‌ردوو بڕگه‌ی تایبه‌ت به‌ "پڕۆژه‌ یاسا و بڕیار و پێشنیازی یاسا و بڕیار" لێكدران و به‌وشێوه‌یه‌ په‌سندكردنی مادده‌كه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بوو.  
سه‌باره‌ت به‌به‌شی دووه‌می پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، كه‌ له‌ هه‌شت مادده‌ پێكهاتووه‌ و له‌ مادده‌ی دووه‌مه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌ ماده‌ی نۆیه‌م كۆتایی دێت و تایبه‌ته‌ به‌پێكهاته‌ و كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان و چۆنیه‌تیی پرۆسه‌كانی ده‌نگدان. یه‌كه‌به‌یه‌كه‌ی بڕگه‌ و مادده‌كانی به‌شه‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ كاتییه‌كه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌یان بۆ كراو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانیشه‌وه‌ گفتوی گۆی له‌سه‌ر كرا.
بڕیاریشه‌ له‌ دانیشتنه‌كانی داهاتوو ده‌نگدانی كۆتایی له‌سه‌ر مادده‌ به‌ مادده‌ی به‌شه‌كه‌ و رای په‌رله‌مانتاران بكرێت. 
دوای ته‌واوكردنی گفتوگۆكانی به‌شی دووه‌می پڕۆژه‌كه‌ش سه‌رۆكی په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت بۆ سه‌عات 10ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ