گفتوگۆكانی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌كه‌ی ده‌ستیپێكرد

16/09/2015 01:26:00 م
به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى كاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئاماده‌ كراوه‌، ئه‌مڕۆ 2015/9/16، په‌رله‌مانی كوردستان كۆبۆوه‌.
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ  2015/9/16، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ‌و ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و  فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنى ژماره‌ (2)ى ئاساییی خولى پاییزه‌، ساڵی دووه‌م له‌ خولــی چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو. 
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌، كه‌ بريتی بوو له‌ گفتوگۆكردنى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى كاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئاماده‌كرابوو، به‌پێى بڕیارى ژماره‌ (26)ى ساڵى 2014 و بڕگه‌ى (8) له‌ مادده‌ى (په‌نجا و شه‌شه‌م)ى یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992 هه‌مواركراو و پاڵپشت به‌ مادده‌ى (94)ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو.  
 
 
به‌ر له‌ ده‌ستكردن به‌ گفتوگۆكردنی مادده‌ ‌و بڕگه‌كانی په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌كه‌، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، پێشنیازێكی چه‌ند خاڵی وه‌ك میكانیزمێك بۆ شێواز ‌و چۆنیه‌تیی گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وه‌كه‌ ‌و ده‌نگدان ‌و په‌سندكردنی، خرایه‌ به‌رده‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ‌و دوای گفتوگۆكردنی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌، خاڵ به‌ خاڵی پێشنیازه‌كه‌ خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و په‌سند كران.  
سه‌باره‌ت به‌ مادده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وه‌كه‌، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ زاراوه‌ ‌و پێناسه‌كان، دوای گفتوگۆكردنی ‌و پێشنیازكردنی چه‌ند زاراوه‌یه‌كی تر بۆ مادده‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ مادده‌كه‌دا جێگیربكرێت، ژماره‌یه‌ك بۆچوونی جیاواز هاته‌ كایه‌وه‌ ‌و گفتوگۆیه‌كی زۆری له‌سه‌ر كرا ‌و دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان پشوویه‌كی كاتیی راگه‌یاند ‌و كۆتایی به‌ به‌شی یه‌كه‌می دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان