لە ساڵیادی کارەساتی شەنگالدا: ڕاگەنراوێک لە پەرلەمانی کوردستانەوە..

03/08/2015 02:01:00 م
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر پەلامارە دڕندانەکانی تیرۆریستانی داعش لە دەڤەری شنگال و جینۆسایدکردنی کوردە  ئێزیدیەکاندا تێدەپەڕێت، کە بەهۆیەوە  ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ئەو دەڤەرە ئاوارەو دەربەدەربون، دواتریش لە پرۆسەیەکی نامرۆڤانەدا هەموو ئەو هاوڵاتییانەی کە بەدیل کەوتبونە دەست تیرۆرستان، کچ و  ژن و منداڵەکانییان لە بازاڕەکانی(نەخاسە)دا وەک کۆیلە فرۆشران.
ئەم تاوانە ویژدان هەژێنە  دەرحەق بە پێکهاتەی ئاشتیخوازی ئێزیدی، برینێکی قوڵی لە ناخی گەلەکەماندا دروستکردەو بۆ هەتاهەتایە لەبیر ناکرێت. درەنگ بێت یان زوو، دەبێ هەموو ئەوانەی بەم تاوانە گەورەیە هەستاون و هەمو ئەوانەشی کەمتەرخەمییان لە کارەکەیاندا کردوەو بوونەتە هۆکاری شکستی شەنگال، بدرێنە دادگاو بەسزای ڕەوای خۆیان بگەیەنرێن، بۆ ئەوەی کەمێک برینی ویژدانی گەلەکەمان ساڕێژ بێت.
لە ئێستاشدا و دوای یەک ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە جەرگبڕەدا، دەبێت بە هەمو لایەک  کار بکەین بۆ ئازادکردنی دیلەکان و رزگارکردنی ناوچەکە لە چنگی تیرۆریستان و گەڕانەوەی  هاوڵاتیانی شەنگال و ناوچەکە، بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان. لە هەمانکاتیشدا پەرلەمانی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو تاوانە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پارساڵ لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لاهای داوامان لەسەر تیرۆرستانی داعش تۆمارکردوە، بۆئەوەی کارەساتی شەنگال لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە جینۆساید بناسێنرێت.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
٣/٨/٢٠١٥

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ