نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى كوردستان گه‌یشته‌ 41 مادده‌

09/07/2015 12:18:00 م
وه‌ك پێشتر لیژنه‌ 21 كه‌سییه‌كه‌ى ئاماده‌كردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى كوردستان رایانگه‌یاندبوو كه‌ هه‌موو پێنجشه‌ممه‌یه‌ك لیژنه‌كه‌ خۆى ته‌رخان ده‌كات بۆ وه‌رگرتنى راو سه‌رنج و تێبینی ‌و پێشنیازه‌كانی چین و توێژه‌كان له‌باره‌ى ده‌ستووره‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌عات 10ى به‌یانیى ئه‌مڕۆ 2015/7/9، سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى سێبه‌رى ئاماده‌كردنه‌وه‌ى ده‌ستوور كه‌ له‌ كه‌سانى یاساناس و شاره‌زا و چالاكانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى پێكهاتوون، له‌ هۆڵى په‌ناگیرى له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان ۆركشۆپێكی سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ی ده‌ستووری كوردستان،  بۆ لیژنه‌ی سێبه‌ری ده‌ستوور ‌و لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستووری كوردستان بۆ راپرسی سازكرد.
له‌و گفتوگۆیه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى پێشووى په‌رله‌مانى كوردستان و یه‌كێتى په‌رله‌مانتاران و ژماره‌یه‌ك له‌ دادوه‌ران و مامۆستایانى زانكۆ تێیدا به‌شداربوون، تیشك خرایه‌ سه‌ر كاره‌كانی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستووری كوردستان بۆ راپرسی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی سێبه‌ری ده‌ستوور ‌و به‌شداریپێكردنی چین ‌و توێژه‌ جیاجیاكان له‌ نووسینه‌وه‌ ‌و ئاماده‌كردنی ئه‌و ده‌ستووره‌ ‌و له‌ سه‌رجه‌م پانێلًَه‌كانی ۆركشۆپه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ ده‌ستوورى كوردستاندا ماف ‌و ئازادییه‌كان ‌و سنوور ‌و چه‌مكی هاووڵاتیبوون ‌و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان ‌و پره‌نسیپه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان ‌و سیستمی سیاسی ‌و ئابووری ‌و ئاینی ‌و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو هاوشێوه‌ی وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان دابڕێژرێت ‌و به‌ زووترین كات هه‌رێمی كوردستانیش ببێت به‌ خاوه‌نی ده‌ستووری خۆی.
 
هه‌ر له‌ ۆركشۆپه‌كه‌دا چه‌ندین سه‌رنج ‌و تێبینی ‌و پێشنیاز له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ بۆ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاساكه‌ خرایه‌ روو.
دوای ته‌واوبوونی ۆركشۆپه‌كه‌ش، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شی نێوان سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاماده‌كردنی ده‌ستوور و به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆكى لیژنه‌ى سێبه‌رى ده‌ستووردا، ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ۆركشۆپانه‌ی كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامدراون خرایه‌ روو.
جێگه‌ى ئاماژه‌یه‌ لیژنه‌ (21) كه‌سییه‌كه‌ى ئاماده‌كردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى كوردستان تا ئێستا (36) كۆبوونه‌وه‌ى خۆى ئه‌نجامداوه‌، له‌ئه‌نجامى كاره‌كانیشیاندا (41) مادده‌یان نووسیوه‌ته‌وه‌ و ئێستاش له‌ ده‌روازه‌كانى ماف و ئازادییه‌كاندان، ده‌ستوورى كوردستان له‌ (27) بنه‌ماى گشتى پێكهاتووه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ