خولی به‌هاره‌ كۆتاییهات
سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوا ده‌كات پرسی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ سازان ‌و دوور له‌ ململانێ چاره‌سه‌ر بكرێت

30/06/2015 06:01:00 م
له‌ به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره‌ (19)ی ئاسایی ئه‌مڕۆ 2015/6/30ی خۆیدا، په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر كۆبانێ راگه‌یاند ‌و كۆتاییهاتنی ئه‌و خوله‌ی په‌رله‌مانیشی راگه‌یاند.
سه‌عات 1ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/6/30، به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره‌ (19)ی ئاساییی خولی به‌هاره‌، ساڵى دووه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو ‌و سه‌باره‌ت به‌ خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار كه‌ بریتی بوو له‌ له‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر  گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای به‌خشین ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ  كه‌ د.رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌ دانیشتنه‌كه‌دا ئاماده‌ی بوو ‌و له‌ دانیشتنی پێشنیوه‌ڕۆدا چه‌ند مادده‌یه‌كی لێ په‌سند كرا، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ به‌ ره‌چاوكردنی سه‌رنج ‌و تێبینی ‌و پێشنیازه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، پێشنیاز كرا گفتوگۆكردنی مادده‌كانی تری پڕۆژه‌ یاساكه‌ دوابخرێت بۆئه‌وه‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر تاووتوێی زیاتری پڕۆژه‌ یاساكه‌ بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش كه‌ بریتی بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر راسپارده‌كانی په‌رله‌مان بۆ چاره‌سه‌ركردن ‌و راگرتنی زیاده‌ڕۆیی، له‌لایه‌ن عومه‌ر عینایه‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسه‌وار ‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی گواستنه‌وه‌ ‌و گه‌یاندن ‌و گه‌شتوگوزاری په‌رله‌مان، راسپارده‌كان خوێندرانه‌وه‌ كه‌ تیایدا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ راگرتنی زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر موڵكی گشتی ‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان كرابۆوه‌، هه‌روه‌ها له‌ چه‌ند خاڵێكیشدا چه‌ند پێشنیازێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستان خرابووه‌ روو، پاشان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانییه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌ بكرێته‌ راسپارده‌ ‌و ئاراسته‌ی حكومه‌ت بكرێت یان نا، ئه‌وه‌بوو به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامان په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی كاریش كه‌ بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر كۆبانێ، فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان هه‌ڵوێست ‌و تێرَوانینی خۆیان له‌سه‌ر په‌لاماره‌كه‌ خسته‌ روو ‌و وێڕای به‌ توندی ئیدانه‌كردنی ئه‌و په‌لاماره‌ دڕندانه‌ ‌و نامرۆڤانه‌ی ئه‌و تیرۆریستانه‌ بۆ سه‌ر هاووڵاتییانی سیڤیلی كۆبانێ ‌و شه‌هیدكردن ‌و برینداركردنی ژماره‌یه‌ك زۆر لێیان، ستایشی خۆڕاگری ‌و رۆلی قاره‌مانانه‌ی خه‌ڵكی كۆبانێ به‌گشتی ‌و شه‌ڕڤانانیان كرد له‌ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌ شكستخواردووه‌ی ئه‌و تیرۆریستان ‌و شكستپێهێنانی پیلانی دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان  كرد ‌و جه‌ختیان له‌سه‌ر ته‌بایی ‌و یه‌كڕیزیی نێوان هێزه‌ كوردییه‌كان ‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ‌و هاوكاریكردنی به‌رده‌وام بۆ باشووری كوردستان بۆ رۆژئاوا كرده‌وه‌.
 
به‌پێی خاڵی چواره‌می به‌رنامه‌ی كاریش كه‌ بریتی بوو  له‌ دانان و ئالوگۆڕكردنى هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن سكرتێری په‌رله‌مانه‌وه‌  داواكاریی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان له‌ لیژنه‌یه‌ك ‌و ئالوگۆڕكردنی به‌ لیژنه‌یه‌كی تر له‌لایه‌ن سكرتێری په‌رله‌مانه‌وه‌ خوێندرانه‌وه‌ ‌و به‌ ده‌نگدان په‌سند كران.
سه‌باره‌ت به‌ خاڵی پێنجه‌می به‌رنامه‌ی كاریش كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاساكانی (هه‌مواری سێیه‌می یاسای پارێزه‌رایه‌تی، هه‌مواری سێیه‌می یاسای سه‌ندوقی خانه‌نشینیی پارێزه‌ران ‌و پڕۆژه‌ یاسای پارێزه‌رایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان)، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاسایییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌یان بۆ كرا ‌و ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كران به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌باره‌یانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا بخرێنه‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆكردن ‌و په‌سندكردنیان.
به‌پێ خاڵی شه‌شه‌م ‌و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش كه‌ بریتی بوو له‌ راگه‌یاندنی كۆتاییهاتنی خولی به‌هاره‌ی ساڵی دووه‌م له‌ خولی چواره‌می هه‌ڵبژاردن، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد ‌و تیایدا وێڕای راگه‌یاندنی كۆتاییهاتنی ئه‌و خوله‌ی په‌رله‌مان، تیشكی خسته‌ سه‌ر كارو چالاكیییه‌كانی په‌رله‌مان له‌و ماوه‌یه‌دا ‌و به‌ خولێكی پڕ له‌ ده‌سكه‌وت ‌و به‌رهه‌می له‌ قه‌ڵه‌مدا ‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خت ‌و دژواره‌ی هه‌رێمی كوردستان ‌و عیراق ‌و ناوچه‌كه‌ پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێ په‌رله‌مانی كوردستان توانیویه‌تی له‌ بواره‌كانی یاسادانان ‌و چاودێریكردنی ده‌سه‌ڵاتی حێبه‌جێكردن تا راده‌یه‌كی باش به‌ ئه‌ركه‌كانی خۆی هه‌ڵسێ.
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و یاسا ‌و بڕیارانه‌ی كه‌ له‌و خوله‌دا ده‌ركراون له‌گه‌ڵ كارو چالاكیی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان ‌و رایگه‌یاند، له‌و خوله‌دا 19 دانیشتنی ئاسایی ‌و دوو دانیشتنی نائاسایی ئه‌نجامدراون ‌و په‌رله‌مان 11 یاسا ‌و چوار بڕیاری ده‌ركردووه‌ ‌و په‌رله‌مانتاران 314 پرسیاریان ئاراسته‌ی حكومه‌ت كردووه‌ ‌و 276  پرسیار وه‌ڵامه‌كانیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ 26 پڕۆژه‌ یاسا كراوه‌.
له‌ بواری بانگكردنی وه‌زیره‌كانیش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند، وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی هه‌شته‌م 19 جار له‌ لیژنه‌كانی په‌رله‌مان ئاماده‌بوون، سه‌رۆكی ده‌سته‌كانیش 15 جار، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ‌و وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌ دانیشتنێكی په‌رله‌مان.
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری وه‌ك شانازییه‌ك بۆ ئه‌و خوله‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ قه‌ڵه‌مدا ‌و هیوای خواست كه‌ لیژنه‌كه‌ بتوانێت كه‌ له‌و ماوه‌یه‌ی بۆیان دیاریكراوه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ی سه‌رشانیان به‌ سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو بكه‌ن ‌و ده‌ستوورێك ئاماده‌ بكه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی ‌و مافی مرۆڤ ‌و ئالوگۆڕی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات یه‌كانگیر بێت، هه‌روه‌ها په‌سندكردنی یاسای سه‌ندوقی كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتی ‌و گازییه‌كانی به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ وه‌سفكرد بۆ به‌ دامه‌زراوه‌ییكردن ‌و شه‌فافكردنی كه‌رتی نه‌وت ‌و گاز له‌ هه‌رێم.
له‌ به‌شێكی تری وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌ قه‌یرانی دارایی هه‌رێم ‌و ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی بۆته‌وه‌ له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌ كرد ‌و ستایشی رۆڵی قاره‌مانانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد له‌ به‌رگریكردن له‌ خاكی كوردستان ‌و ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان ‌و جه‌ختی له‌سه‌ر پاراستنی بنه‌ماكانی دیموكراسی ‌و حوكمی یاسا ‌و یه‌كڕیزیی نێوان هێز ‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرده‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانیش، كه‌ ئێستا رووبه‌ڕووی هه‌رێم بۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م خوله‌وه‌ ئێمه‌ به‌ گیانی به‌رپرسیاریه‌تیی نیشتیمانییه‌وه‌ ‌و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ هه‌رێمی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێ هه‌وڵی ته‌واومان داوه‌ به‌شێوه‌ی سازان ‌و دوور له‌ ململانێ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ بدۆزینه‌وه‌، بۆیه‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ حكومه‌تمان كرد ‌و داوامان لیًكردن كه‌ لای خۆیانه‌وه‌ بۆچوون ‌و پێشنیازه‌كانی خۆیانمان بۆ گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن، وه‌ك ده‌زانن به‌شی زۆری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ رێگه‌ی هێنانی پڕۆژه‌ یاساوه‌ بۆچوونه‌كانی خۆیان خسته‌ روو، به‌ڵام به‌شێك له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم ‌و فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا رای جیاوازیان هه‌بوو، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ سیسته‌می دیموكراسیدا ئاسایی ‌و یاساییه‌".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد دۆخه‌كه‌ لێمان ده‌خوازێت ئه‌و مه‌سه‌له‌ گرنگ ‌و هه‌ستیاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا ‌و دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی چاره‌سه‌ر  بكرێت ‌و به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان بخرێته‌ پێش هه‌موو ئیعتیبارێكه‌وه‌  ‌و له‌ رێگه‌ی سازان مه‌سه‌له‌كه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ .
هه‌ر له‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا ،په‌رله‌مانتار عه‌باس غه‌زالی بیرۆكه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ رۆلی هونه‌ر له‌ ناساندنی گه‌لان به‌ دونیا ‌و به‌شداریكردنی له‌ فیستیڤاڵێكی هونه‌ریی تایبه‌ت به‌ فیلم له‌ یۆنیسكۆ وه‌ك به‌رهمهێنه‌ری فیلمێك پێشكه‌شكرد.
هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتار فه‌رهاد سه‌نگاوی بیرۆكه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌كانی زه‌مینه‌سازی بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان پێشكه‌شكرد.


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ