هه‌شت مادده‌ له‌ پڕۆژه‌ یاسای به‌خشین ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ په‌سند كرا

29/06/2015 02:42:00 م
په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ژماره‌ 18ی ئاسایی خۆیدا، هه‌شت مادده‌ی له‌ پڕۆژه‌ یاسای به‌خشین ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ په‌سند كرد.
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/6/29، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و  فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (18)ی ئاساییی خولى به‌هاره‌، ساڵى دووه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجامدا. 
  
سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌دا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی د.رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای ڕێكخستن  و چاندن و گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ، به‌پێی مادده‌كانی (72، 74و 75) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو.
دانیشتنه‌كه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان به‌ بێده‌نگی بۆ رێزلێنان له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی په‌لاماره‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر كۆبانێ ده‌ستیپێكرد، دواتر به‌پێی خاڵی به‌رنامه‌ی كار، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ كه‌ پێكهاتبوو له‌ لیژنه‌كانی (كاروباری یاسایی، كاروباری ته‌ندروستی ‌و ژینگه‌، ئه‌وقاف ‌و كاروباری ئاینی، مافه‌كانی مرۆڤ)، ده‌قی پڕۆژه‌ یاسای ڕێكخستن  و چاندن و گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ ‌و راپۆرتی لیژنه‌ی هاوبه‌ش له‌باره‌یه‌وه‌ خوێندرانه‌وه‌ ‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌وه‌ پێشنیازكرا راپۆرتی لیژنه‌كه‌ بكرێته‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆكان ‌و ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ ناوونیشانی پڕۆژه‌ یاساكه‌، له‌سه‌ر پێشنیازی لیژنه‌ی هاوبه‌ش ‌و به‌  زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، بوو به‌ (پڕۆژه‌ یاسای به‌خشین ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ له‌ كوردستان-عیراق).
مادده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ زاراوه‌ ‌و پێناسه‌كان، دوای گفتوگۆكردنی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ‌و وه‌زیری ته‌ندروستییه‌وه‌ ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ به‌ ره‌چاوكردنی سه‌رنج ‌و تێبینی ‌و پێشنیازه‌كان، خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ مادده‌كانی (2،3،4،5،6،7،8) كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ حوكمه‌ گشتییه‌كان ‌و تیایدا رێوشوێنه‌كانی چۆنیه‌تیی به‌خشین ‌و قه‌ده‌غه‌كردن ‌و ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریی گواستنه‌وه‌ ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ له‌ یه‌كێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی تر به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ ره‌زامه‌ندیی ته‌واو ‌و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌ڕمیی كه‌سی به‌خشه‌ر بێت ‌و به‌خشه‌ر یاخود ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ یاسا پێویستیی به‌ ره‌زامه‌ندیدانی كردووه‌ له‌سه‌ر به‌خشین بۆی هه‌یه‌ به‌ر له‌ ده‌ستكردن به‌ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریییه‌كه‌ له‌ به‌خشینه‌كه‌ی پاشگه‌زببێته‌وه‌، هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌كردنی مامه‌ڵه‌كردنی بازرگانی به‌ هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ یان به‌شێكی یاخود یه‌كێك له‌ شانه‌كانی ‌و رێگه‌گرتن له‌ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریی چاندن له‌لایه‌ن پزیشكی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ به‌ر له‌ ته‌واوكردنی رێكاره‌ كارگێڕی ‌و یاساییه‌كان ‌و ئاگاداربوونی كه‌سی به‌خشه‌ر ‌و كه‌سی وه‌رگر به‌ ئه‌نجامدانی نه‌شترگه‌ریی گواستنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاندن له‌ رێگه‌ی لیژنه‌ی سییانیی ده‌قنووسكراو له‌ مادده‌ی چوارده‌یه‌می ئه‌و یاسایه‌ به‌ سروشتی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ ‌و مه‌ترسییه‌ پێشبینیكراوه‌كانی هه‌ردووكیان له‌ مه‌ودای نزیك یان دوور ‌و وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندییان یان ره‌زامه‌ندیی جێگره‌وه‌ یان نوێنه‌ری یاسایی ئه‌كه‌ر له‌ كه‌سانی نالێهاته‌ یان كه‌ملێهاته‌ یان وه‌سیه‌تكراو بێت، دوای گفتوگۆكردنیان به‌ جیا ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌یان به‌ ره‌چاوكردنی سه‌رنج ‌و تێبینی ‌و پێشنیازه‌كان ‌و خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌ جیا په‌سند كران.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ به‌شی یه‌كه‌می دانیشتنه‌كه‌ هێنا ‌و رایگه‌یاند: "سه‌عات 3:30ی پاشنیوه‌ڕۆ درێژه‌ به‌ دانیشتنه‌كه‌مان ده‌ده‌ین".

رۆژمێرى رووداوه‌كان