پڕۆژه‌ یاسای ماف ‌و ئیمتیازاتی تاقانه‌كانی جینۆساید په‌سند كرا

23/06/2015 01:45:00 م
هه‌ر ئه‌مڕۆ 2015/6/23، له‌ دانیشتنی ژماره‌ (17)ی ئاسایی په‌رله‌مانی كوردستان، پڕۆژه‌ یاسای ماف ‌و ئیمتیازاتی تاقانه‌كانی جینۆساید په‌سند كرا.
به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، كه‌ بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاسای (نه‌بڕینی مووچه‌ی تاقانه‌) و (تاقاكانه‌كانی كیمیاباران و ئه‌نفال و جینۆسایدكراوه‌كان)، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاسایی-یه‌وه‌، ده‌قی هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاساكه‌ ‌و راپۆرتی لیژنه‌ی هاوبه‌ش، كه‌ پێكهاتبوو له‌ لیژنه‌كانی (كاروباری یاسایی، دارایی ‌و كاروباری ئابووری ‌و وه‌به‌رهێنان، كاروباری پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانی جینۆساید ‌و زیندانیانی سیاسی)، خوێندرانه‌وه‌ ‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ پێشنیازكرا راپۆرتی لیژنه‌كه‌ بكرێته‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆكان ‌و پێشنیازه‌كه‌ش به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ ناوونیشانی پڕۆژه‌ یاساكه‌ش، له‌سه‌ر پێشنیازی لیژنه‌ی هاوبه‌ش ‌و به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بوو به‌ پڕۆژه‌ یاسای ماف ‌و ئیمتیازاتی تاقانه‌كانی جینۆساید.
مادده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ زاراوه‌ی تاقانه‌ی جینۆساید ‌و پێناسه‌كه‌ی، كه‌ مه‌به‌ست لێی ئه‌و كه‌سه‌یه‌ له‌ كاتی روودانی تاوانه‌كانی جینۆسایدی دژ به‌ گه‌لی كوردستان، پاش شه‌هیدكردنی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی به‌ ته‌نیا رزگاری بووه‌، دوای گفتوگۆكردنی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ راپۆرتی لیژنه‌ی هاوبه‌شدا هاتبوو خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی دووه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ش، كه‌ تیایدا ماف ‌و ئیمتیازاته‌كانی تاقانه‌كانی جینۆساید دیاریكراوه‌، وه‌ك ئه‌ژماركردنی سه‌رجه‌م ماف ‌و ئیمتیازاته‌كانی كچ ‌و كوڕی شه‌هیدی جینۆساید بۆیان ‌و ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و ماف ‌و ئیمتیازاتانه‌ بۆ وارسه‌كانیان له‌ كاتی كۆچی دواییكردنیان ‌و به‌خشینی ناسنامه‌ ‌و میدالیای تایبه‌ت پێیان، دوای گفتوگۆكردنی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌، پێشنیاز كرا بڕگه‌یه‌كی تر بۆ مادده‌كه‌ زیاد بكرێت به‌ كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت بۆ چاودێریكردنی باری ده‌روونیی تاقانه‌كان ‌و چاره‌سه‌ركردنیان، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كرا، كۆی ماده‌كه‌ش به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌ندامان په‌سند كرا. 
 
 
پاشان پێشنیاز كرا مادده‌یه‌كی تر به‌ ریزبه‌ندیی مادده‌ی سێیه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاساكه‌ زیاد بكرێت به‌وه‌ی ئه‌و تاقانانه‌ی كه‌ كارمه‌ندی هێزه‌ چه‌كداره‌كانن نابێت بنێردرێنه‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ كۆی ده‌ نگ په‌سند كرا.
مادده‌ی چواره‌میش كه‌ تیایدا هاتبوو پشتڕاستكردنه‌وه‌ی تاقانه‌ی جینۆساید له‌ رێی لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕ له‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌رێكی پله‌ یه‌ك ده‌بێت، دوای گفتوگۆكردنی خرایه‌ ده‌نگكدانه‌وه‌ ‌و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كرا.
هه‌روه‌ها پێشنیاز كرا مادده‌یه‌كی تر به‌ ریزبه‌ندیی مادده‌ی پێنجه‌م بۆ پڕۆژه‌كه‌ زیاد بكرێت ‌و تیایدا وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان ‌و ئه‌نفالكراوان پابه‌ند بكرێت به‌ ده‌ركردنی رێنمایی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ كۆی په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ مادده‌كانی (6‌و 7‌و 8)ی پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ پابه‌ندكردنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ ‌و كارنه‌كردن به‌ هیچ یاسا ‌و بڕیارێك كه‌ ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ ‌و جێبه‌جێكردنی له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی وه‌قایعی كوردستاندا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ په‌سند كران.
پاشان هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی یاساكه‌ ‌و كۆی یاساكه‌، به‌ جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و په‌سند كران، مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنی یاساكه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌دا به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌ندامان په‌سندكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاقانه‌كانی كوردستان به‌شێكی گرنگن له‌ ناسنامه‌ی قوربانیدانی گه‌لی كوردستان ‌و  به‌ مه‌به‌ستی رێزلێنانی زیاتر ‌و دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌یه‌ بۆیان.  
به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی ‌و تاقانه‌كانی جینۆساید به‌ تایبه‌تی كرد ‌و به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ