په‌رله‌مان و حكومه‌ت كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی تاووتوێ ده‌كه‌ن

26/05/2015 01:50:00 م
به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای راكێشانی مایه‌ له‌ رێگه‌ی قه‌رزكردن ‌و گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی، سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 26/5/2015، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (12)ی ئاساییی خولى به‌هاره‌، ساڵى دووه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجامدا. 
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌ دوو خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای راكێشانی مایه‌ له‌ رێگه‌ی قه‌رزكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی مادده‌كانی (75،74،72) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، خاڵی دووه‌م ‌و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ‌و هه‌ردوو به‌ڕێزان وه‌زیری كشتوكاڵ ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ‌و وه‌زیری شاره‌وانی ‌و گه‌شتوگوزار، به‌پێی خاڵی (2) له‌ بڕگه‌ی دووه‌م له‌ مادده‌ی (54) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو. 
 پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشنیازی كرد گۆڕانكاری له‌ ریزبه‌ندیی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كاردا بكرێت ‌و ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگكدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا ‌و خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار بوو به‌ خاڵی یه‌كه‌م ‌و به‌پێی ئه‌و خاڵه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ‌و عه‌بدولسه‌تار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ‌و خاتوو نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی ‌و گه‌شتوگوزار ‌و مه‌ولود موراد محێدین وه‌زیری هه‌ریًم بۆ كاروباری په‌رله‌مان، به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌ یاداشتێكدا ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران داوایانكردبوو دانیشتنێكی تایبه‌ت به‌ كێشه‌كانی نیشته‌جێبوون و زیاده‌رۆیی ببه‌سترێت، ئێمه‌ش له‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و یاداشته‌دا، بریارماندا وه‌ك دوو مه‌له‌فی جیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و یاداشته‌ بكه‌ین و له‌ دانیشتنی یه‌كه‌مدا مه‌له‌ه‌فی كێشه‌ی زیاده‌رۆیی به‌ ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرانی په‌یوه‌ندیدار بخه‌ینه‌روو، له‌ دانیشتنه‌كانی داهاتووشدا دانیشتنێكی تایبه‌ت به‌ كێشه‌ی نیشته‌جێوون به‌ ئاماده‌بوونی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ئه‌نجامبده‌ین.
 
 
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ په‌رله‌مانتار عومه‌ر عینایه‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسه‌وار و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار كرد، راپۆرتی لیژنه‌كه‌یان بخاته‌روو. راپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌ی ئاسه‌وار و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌ چوار به‌ش پێكهاتبوو، له‌ به‌شی یه‌كه‌می راپۆرته‌كه‌دا، هه‌شت جۆری زیاده‌رۆیی له‌ سێكته‌ره‌كانی زه‌ویی كشتوكاڵی و شاره‌وانی و بازرگانی روونكراونه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌شی دووه‌میشدا به‌ ژماره‌ و داتا رێژه‌ی زیاده‌ڕۆییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا و شاره‌وانییه‌كان هاتوون و به‌شی سێیه‌میش له‌ 17 بڕگه‌دا هۆكاره‌كانی زیادبوون و به‌رده‌وامبوونی زیاده‌ڕۆییه‌كان ئاماژه‌یان پێدراوه‌ و له‌ دوابه‌شی راپۆرتی لیژنه‌كه‌دا، پێشنیازی 13 خاڵ كراوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌.
 
پاشان به‌پێی به‌رنامه‌ی كار، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كرد، وته‌ی حكومه‌ت ده‌رباره‌ی مه‌له‌فی زیاده‌ڕۆیی پێشكه‌ش بكات، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ وته‌كه‌یدا سوپاسی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارانی كرد بۆ رێكخستنی دانیشتنێكی تایبه‌ت به‌ كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی كشتوكاڵ و شاره‌وانییه‌كان ‌و رایگه‌یاند: "ئه‌م كێشه‌یه‌، كێشه‌ی ئه‌مڕۆ و دوێنێ نییه‌ و به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی كۆنه‌ و سه‌رجه‌م كابینه‌كانی حكومه‌تیش به‌پێی توانا هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان داوه‌ و له‌م كابینه‌یه‌شدا له‌ ئه‌وله‌وییاتی كاره‌كانه‌ و هه‌وڵی ته‌واویشمان داوه‌ بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م دیارده‌یه‌".
  
جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "كه‌ نه‌هێشتنی زیاده‌ڕۆیی به‌ ته‌نها په‌یوه‌ندیی به‌ ده‌سه‌لاتی دادوه‌رییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیداریشه‌ به‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و په‌رله‌مانیش،چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌كه‌ پێویستیی به‌ رێگه‌چاره‌ی ئیداری و یاسایی پێكه‌وه‌ هه‌یه‌"،  قوباد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم، لیژنه‌ی باڵامان پێكهێناوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ چاره‌سه‌ر و لیژنه‌ی لاوه‌كیش دروست ده‌كرێت و هه‌روه‌ها به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌لأ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، هه‌نگاوی یه‌كه‌ممان كۆكردنه‌وه‌ی داتا و زانیاری ده‌بێت ده‌رباره‌ی جۆر و ژماره‌ی سه‌رپێچی زیاده‌رۆییه‌كان و راگرتنی ئه‌نجامدانی زیاده‌ڕۆیی دیكه‌یه‌، بۆیه‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌ دانیشتنێك و دووان كۆتایی نایه‌ت، به‌ڵكو پێویستیی به‌ كار و بڕیاری زیاتره‌".
جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، كه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ هه‌زار سكاڵای زیاده‌ڕۆیی تۆمار كراوه‌ و ئه‌وانه‌شی كه‌ ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌یان ئه‌نجامداوه‌، كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو ‌و ده‌سه‌ڵاتدارن.
له‌كۆتایی وته‌كه‌شیدا، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، وتی: "ئه‌م كێشه‌یه‌ی زیاده‌ڕۆییه‌ كێشه‌ی جۆراوجۆرن و پێویستیی به‌بڕیار و چاره‌سه‌ری جیاوازیش هه‌یه‌ و پێویستیشه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ هه‌وڵًی چاره‌سه‌ركردنیشی بده‌ین".
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان بواری به‌ وه‌زیری كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێم-دا هه‌ڵوێستی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ بخاته‌روو ‌و له‌وته‌كه‌یدا وه‌زیری كشتوكاڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م و خیرا بۆ رێگه‌گرتن له‌ زیاده‌ڕۆیی دروستكردنی دادگایه‌كی تایبه‌ته‌ به‌ سه‌رپێچیكارانی زیاده‌ڕۆیی و پێدانی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ سه‌رۆكی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان بۆ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست. 
وه‌زیری كشتوكاڵ، وتی: "وه‌كو وه‌زاره‌ت راپۆرتی خۆمان ده‌رباره‌ی سروشتی كێشه‌كه‌ و چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزكردۆته‌وه‌ و هه‌وڵیشمان داوه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست له‌گه‌لأ جووتیاران و دروستكردنی هێزێكی تایبه‌ت بۆ رێگه‌گرتن له‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ رووبه‌ڕووی كێشه‌كه‌ ببینه‌وه‌".
هه‌ر له‌دانیشتنه‌كه‌دا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ وه‌زیری شاره‌وانیی حكومه‌تی هه‌رێم-یش كرد بۆچوون و هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ده‌رباره‌ی مه‌له‌فی زیاده‌ڕۆیی بخاته‌روو ‌و وه‌زیری شاره‌وانی له‌ وته‌یه‌كیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ زیادبوونی زیاده‌ڕۆیی به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بێبه‌شكردنی سه‌رۆكی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان له‌ سزادان و راگرتن و غه‌ڕامه‌كردنی سه‌رپێچیكارانی زیاده‌ڕۆیی، كه‌ له‌ ساڵی 2005 ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه‌.
وه‌زیری شاره‌وانی رایگه‌یاند: "وه‌كو وه‌زاره‌ت پڕۆژه‌ یاساییه‌كمان بۆ قه‌ده‌غه‌كردن و لابردنی زیاده‌ڕۆیی پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ و په‌سندكراوه‌ و ئێستاش ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی شورای هه‌رێم كراوه‌، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌".
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌رگای گفتوگۆی بۆ په‌رله‌مانتاران كرده‌وه‌ و نزیكه‌ی 50 په‌رله‌مانتار، كه‌ ناوی خۆیان بۆ قسه‌كردن تۆماركردبوو، بۆچوون تێبینی و پێشنیازه‌كانیان ده‌رباره‌ی كێشه‌كه‌ و چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی خسته‌ روو. له‌ به‌رامبه‌ریشدا، له‌لایه‌ن جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ‌و هه‌ردوو وه‌زیری كشتوكاڵ ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ‌و وه‌زیری شاره‌وانی ‌و گه‌شتوگوزار، وه‌ڵام و روونكردنه‌وه‌ی پێویست پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانتاران كران كه‌ ئاراسته‌یان كرابوون.
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ به‌شی یه‌كه‌می دانیشتنه‌كه‌ هێنا ‌و رایگه‌یاند: "سه‌عات 3:30ی دوای نیوه‌ڕۆ درێژه‌ به‌ دانیشتنه‌كه‌مان ده‌ده‌ین".
  

 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ